مەهدی ئەکەر: پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە

مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا
مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، دەڵێت: تورکیا پەیوەندی هەمەجۆری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بە گرنگ دەبینن. گوتیشی: پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە.

مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی گۆڕانکاری ئابووری و کەشوهەوا بووەتەوە، هەروەها رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، لەلایەکی دیکەوە جەنگی ئۆکرانیا بەردەوامە و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بۆتە هەڕەشەی جیددیش بۆ هەموو بۆسەریان، بێگومان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و کاریگەری هەبووە لەسەر ئابووری جیهان.

راشیگەیاند، ئەم کۆڕبەندە دیارییکراوە بە قسەکردن لەسەر چەندین بابەت، بە تایبەت لەسەر ئەو قەیرانەی کە لە غەززە روودەدات، لە سەرەتای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەو جەنگە دروستبووە، زیاتر لە 12 هەزار خەڵکی مەدەنی لە غەززە کوژراوان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، پێویستە ئەمە کۆتایی پێ بهێندرێت، چونکە خەڵکی غەززە بەهۆی کەمئاوی و خۆراک و سووتەمنی دەناڵێنن، ئیسرائیل لەو ناوچەیە تاوانی جەنگی ئەنجامدەدات.

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا گوتیشی: "هیچ کاتێک نابێت ئەم مەترسییە بە هەند وەرنەگرین دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو دۆخە هێور بکاتەوە، ئێمە وەک تورکیا هەموو توانایەکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی دۆخەکە، بۆیە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین نایەتە ئاراوە، دەستمان کردووە بە ناردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە رێگەی میسرەوە، دەبێت چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە، دەبێتە دەوڵەتی فەڵەستین رابگەیەندرێت کە پایتەخەتەکەی قودس بێت".

مەهدی ئەکەر ئاماژەی بەوەدا، "تورکیا ئامادەیە بۆ گرێنتی ئاشتی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، نیگەرانین بەو قەیرانە و هەروەها کاریگەری لەسەر عێراق و سووریا هەبووە.

لەبارەی پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، ناوبراو باسی لەوەکرد، تورکیا پەیوەندی هەمەجۆری لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، سنوورێکی دووردرێژمان لەگەڵ هەردوولایان هەیە، زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین.

دەشڵێت: زۆر سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەهۆی ئەوەی هۆکاربووە بۆ دروستبوونی ئەو پەیوەندییە بەهێزە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا  و هەولێر زۆر بە گرنگی دەبینین، هەروەها خۆشحاڵین بە کارکردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "پێویستە بەغدا و هەولێر هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، چونکە هیشتا هەڕەشە هەیە لەلایەن داعش و پەکەکەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، عێراق دەبێت هەڵوێستی جددیتری هەبێت بەرامبەر بە پەکەکە، دەبێت عێراق پەکەکە وەک رێکخراوی تیرۆرستی بیناسێنێت و لە خاکەکەشی دەری بکات.