سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، هیوا دەخوازێت لە مانگی شوباتی داهاتوو کە وەک وادەی هەڵبژاردن دیاریکراوە، ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەخرێت.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی دیدارە تایبەتەکەی لە دووەم رۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت ببینە چرای دیموکراسی لە ناوچە بۆیە هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیە سێیەمین جارە، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دوادەخرێت و من هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم، بۆیە هیوادەخوازم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی ئێستادا لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەکەوێت.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە باوەڕی تەواومان بە دیموکراسی هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ببینە چرای دیموکراسی لە ناوچەکە، هیچ مانای نییە هەڵبژاردن نەکرێت ئەگەر لایەنێک یان حزبێک نەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، "پێویست ناکات ئەم مافە لە هاووڵاتییان بسەندرێتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن بدەن".

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، نابێت لە پرسی هەڵبژاردن قۆرغکاری هەبێت و ئەوانەی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن، دەبێت ئەوانە بە بەرپرسیار بزاندرێت، نەک خەڵکی هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە راسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.

شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.

لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردن دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.

ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.