چالاکییەکانی رۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس 2023 کۆتاییهات

مێپس 2023
مێپس 2023

K24 – هەولێر:

دووەم رۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) بە پێشکەشکردنی چەند وتار، پانێل و دیدارێکی تایبەت کۆتاییهات.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) لە شاری دهۆک، کۆتاییهات بە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) کە دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەخۆگرتبوو.

سەرەتای رۆژی دووەمی کۆڕبەندەکە بە گوتاری راندڵ رۆز، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد و رایگەیاند، "زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بچێت. زانکۆی ئەمەریکی لەگەڵ حکومەت هەماهەنگ بووە بۆ ئەوەی کار بکەن لەسەر ئەو پرسانەی کە هەیە، لە هەمانکاتدا کاری کردووە بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات، کاری کردووە لەگەڵ وەزارەتەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی رێگاکانی وانە گوتنەوە پێشکەش بکات، زانکۆکەمان کاری کردووە بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان".

دواتریش کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان گوتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد و گوتی، "ئەم کۆڕبەندە بەبەشداری زۆرێک لە پێکهاتەکان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی ئەزموونەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، بیروبۆچوونەکان دەرببڕن، من سوپاسی ئەوانە دەکەم کە گرنگی بە پێکهاتەکان دەدەن، سوپاسیان دەکەم کە توانیانە پارێزگاری لە هاوسەنگی ئایینی و کولتووری و رەگەزی بکەن".

لە یەکەم پانێلی رۆژی دووەمدا لەژێر ناونیشانی "جیۆپۆلەتیکی وزە و گۆڕینی کەشوهەوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رۆژنامەنووسی رۆژنامەی گاردیان مارتن چولۆڤ بەڕێوەی برد بە بەشداری نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووتری گەنجینەی بەریتانیا، ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە، سەمیح موقدادی، بەڕێوەبەری گرین چارتەر و بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.

دووەم پانێلیش لەژێر ناونیشانی "ئاشتیسازی و چارەسەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: رۆلی گرووپە چەکدارەکان" لەلایەن ئاندریا کۆلینۆ، دیپلۆماتکاری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بەڕێوەچوو بە بەشداری هەریەکە لە ڤاندا فێلباب-بڕاون، شارەزا لە پەیمانگەی برۆکینگسی ئەمەریکی، ئێلیزابێس کەندەل، مامۆستا لە زانکۆی کامبریج، موهەنەد سەلووم، لە پەیمانگەی دەوحە و موجتەبا فیردەوسپوور، بەڕێوەبەری کاروباری رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە (IPIS)ـ

دواتریش لە دیداری ساڵدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسی کەناڵی بی بی سی، مەریەم موشیری، دیدارێکی تایبەتی هەبوو لە دووەم رۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) و تیشکی خستەسەر گرنگترین پێشهات و رووداوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیدگا و هەڵوێستی خۆی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاییندە روونکردەوە. (بۆ خوێندنەوەی ناوەڕۆکی دیدارەکە؛ ئێرە کلیک بکە).

لە کۆتا پانێلی کۆڕبەندەکەشدا، کە تایبەت بوو بە سیاسەت و ئاییندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆل و ململانێی زلهێزەکان لە ناوچەکە لەلایەن ئارمین زایف، لە رێخکراوی خاچی سووری ئەڵمانی بەڕێوەبرا بە بەشداری، دۆگلاس لووت، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە ناتۆ ، هەنا نۆتێ، شارەزا لە ناوەندی جێمیس مۆریسۆن، جین-لووپ سامان، لە زانکۆی نەتەوەیی نینگاپۆرا و ئەحمەد ئەبودۆح، شارەزا لە ناوەندی ئیماراتی بۆ سیاسەت.

لەلایەن خۆشیەوە، هونەر عیسا، ئەندامی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، گوتاری کۆتاییهاتنی کۆڕبەندی مێپس 2023ـی خوێندەوە و رایگەیاند، کۆڕبەندی مێپس دەرئەنجامی دوونیابینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە و بەردەوام دەبێت. هاوکات سوپاسی رێکخەران و ئامادەبووانی هەردوو رۆژەکەی کۆڕبەندەکەی کرد و سوپاسی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد کە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بوو.

بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە، رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) کارەکانی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد. (بۆ زانینی چالاکییەکانی رۆژی یەکەم؛ ئێرە کلیک بکە)

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمەریکا دەستیپێکرد.

دامەزراوەی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی و ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە و پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندەی کرد و زانیاری و گفتوگۆ و لێدوانی کەسایەتییە ئامادەبووەکانی، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی گواستەوە بۆ ئاگاداربوون لە هەڵوێست و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەسایەتییە بەشدارەکانی کۆڕبەندەکە.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەندی بەڕێوەچوو.