سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەم مانگە پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات

مێپس 2023
مێپس 2023

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس 2023، رایگەیاند، پلانمان هەیە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار بکەین و ئاشکراشیکرد، ئەم مانگە پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەبەستمانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری حکومەت لە پرۆژەی هەژماری من تۆماربکرێن و ئەم مانگە پرۆسەکە لە سلێمانی و دهۆکیش دەستپێدەکات.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێکی تایبەتدا لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەکرد، "بەداخەوە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان پشتی بە پارەی کاش بەستووە. ئابوورییەک پشت بە پارەی کاش بەستبێت، سنووردارە و ناتوانی زۆر پەرەی پێ بدەیت".

لەبارەی سیستمی بانکییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونیکردەوە، ئەو سیستمی بانکییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو، زۆر سەرکەوتوونەبوون و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبوون. بۆیە ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە ئەنجامی بدەین، ئەوە بووە کە ژێرخانێک دابنێین پێویست بێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بانکی بۆ هاووڵاتییان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا، هاووڵاتی سەنتەری حکومەتە و هەوڵدەدەن بۆ دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی کە هاووڵاتییان زۆترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێت خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاووڵاتییان بەردەست بن.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشم پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە بانکەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت. پێویستە سیستمی بانکی بەردەوام گەشە بکات. ئێستا ئێمە پرۆژەیەکمان دەستپێکردووە "هەژماری من"، هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت دەخەینەوە نێو ئەم پرۆژەیەوە و کەرتی تایبەتیش بە کارکردن لەگەڵ بانکەکان دێنە نێو ئەم پرۆژەیە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هەر بانکێک لەنێو ئەم پرۆژەیە بەشداری کردووە، زۆر بەخێرایی دەبێتە گەورەترین بانک لەم وڵاتە و قازانجی زۆر دەکەن. بانک و هاووڵاتییان سوود دەبینن و بە دڵنیاییەوە ئێمەش ژێرخانێکمان دەبێت.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هەزار ئامێری (ATM) لە هەرێمی کوردستان دانراوە و 40 هەزار شوێنمان داناوە بۆ پێدانی پارە. خەڵکیش کە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و کارتە بانکییەکانیان بەکاربهێنن نەک کاش هەڵبگرن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، "دەمانەوێت ئابووری خۆمان ببەینە قۆناغێکی باشترەوە" گەشبینی خۆشی نیشاندا و لەوبارەیەوە گوتی، "زۆر گەشبینم".

پرۆژەی هەژماری من؛ دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات. (بۆ زانیاری زیاتر؛ ئێرە کلیک بکە).

لە (7ـی ئاداری 2023) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەک یەکەم هەنگاوی تاقیکاری، لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، چوونە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من راگەیەندرا، کە نزیکەی 850 مووچەخۆری ئەو نەخۆشخانەیە لە رێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەرگرت.

تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری حکومی لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و پێنج بانک لە پرۆژەکە بەشدارییان کردووە کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، ئاشوور بانک، بانکی BBAC و بانکی نیشتمانی عێراق (NBI).