دەیڤ والاس: کورد شایەنی ئەوەیە دەوڵەتی خۆی هەبێت

دەیڤ والاس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا
دەیڤ والاس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

کاندیدێکی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، دەڵێت: نابێت حکومەتی عێراق خواستەکانی کورد پشتگوێبخات، بەڵکو دەبێت هەردوو حکومەت هەماهەنگی باشیان هەبێت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانیان. گوتیشی: کورد شایەنی ئەوەیە کە دەوڵەتی خۆی هەبێت.

دەیڤ والاس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوانەی لە کۆڕبەندی مێپس بەشداربوون باسیان لەو راستییە کرد کە سەبارەت بەو تایفەگەرییەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمەش بەشێکە لە هۆکارەکانی کە لە عێراق هەیە کە بووەتە هۆی دروستکردنی ئالنگاری لە ناوچەکە، دەبێت بەغدا لەگەڵ هەولێر پێکەوە هەماهەنگییان هەبێت لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر یەک لایەن لەناوبچێت هەموو عێراق لەناودەچێت.

ئەو کاندیدەی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت: دەبێت حکومەتی فیدراڵ هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێـمی کوردستان بۆ ئەوەی پێکەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی لە هەردوولا کاربکەن، نابێت ویست و خواستی کورد پشگوێبخرێت.

لەبارەی هێرشەکانی میلیشیاکانی عێراق بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، دەیڤ والاس، ئاماژەی بەوەدا، لە هەندێک خاڵدا حکومەتی ئەمەریکا دەبێت بە شێوەیەکی ستراتیژی کاردانەوەی هەبێت نەک بە شێوەیەکی تاکتیکی، ئەمەش مانای وایە نابێت تۆڵە بە تۆڵە بکرێتەوە، دەبێت ئەمەریکا سەرنجی تەواوی لەسەر دۆخەکە بێت و دەبێت کار بکات بۆ ئەوەی کێشەکە لە ناوچەکە ئاڵۆزتر نەبێت، ئەمەش دەرفەت دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان و عێراق کە کاربکەن پێکەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

گوتیشی: چاومان لەوەیە ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەراربێت و دەبێت گرژییەکان کەمبکەینەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم، دەبێت بەردەوامی بە ئاشتی بدەین.

دەیڤ والاس، باسی لەوەکرد، "هەروەکو چۆن جیهان کار لەسەر پرسی دوو دەوڵەت دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین، دەبێت بە هەمان شێوەش کار لەسەر پرسی کورد و دۆزی کورد بکەن، هەموو دەزانن کە چۆن کورد رووبەڕووی ئالنگاری بووەتەوە، چەندە نەهامەتییان بەسەردا هاتووە، خەڵکی کورد کەسانی باشن و بە ئاشتی لە ناوچەکە دەژین".

ئەو کاندیدەی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، "کورد رێگەیانداوە کەسانی ئاوارە کە لە باشووی عێراق ناوچەکانی دیکە بێنە هەرێمی کوردستان، پەناگەیان بۆ دروستکردوون، دەبینین کە پێشمەرگە  چۆن هەموو خەڵکێک دەپارێزێت، هەموو خەڵکێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و نەتەوە لە هەرێمی کوردستان پارێزراون".

لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە، دەیڤ والاس، گوتی: "دەبێت دەرفەتێک هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کولتوورە جوانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پەرەی پێبدرێت، کورد شایەنی ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت".