تۆماس شڤیدینگەر: کورد سەربەخۆیی بەلاوە گرنگە نەك فیدراڵی

تۆماس شڤیدینگەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ڤییەنا و شارەزا لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان
تۆماس شڤیدینگەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ڤییەنا و شارەزا لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان رایدەگەێنێت، تەنانەت ئەگەر کوردستان سەربەخۆش بێت، هێشتا کاریگەری هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر دەبێت.

تۆماس شڤیدینگەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ڤییەنا و شارەزا لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان 24 رایگەیاند، دەکرێت لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئیدارەی دامەزراوەکان بکرێت، بەشێوەیەک بەگوێرەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت و پێکهاتەیەکی بەهێز دروستبکرێت بۆ ئەوەی تەواوی عێراق بەرەو فیدراڵی و دیموکراسیتر بچێت.

ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت: فیدراڵیزیم زۆر گرنگە بۆ وڵاتێکی بەم شێوەیە هەمەجۆر، کێشەکە ئەوەیە لەلایەن گرووپە سیاسییە جیاوازەکان بەشێوەیەکی جیاواز لە فیدراڵیزم تێدەگەن، بۆیە لە روانگەیەکی عەرەبیەوە هەمیشە ئەوەیە هەیە کە کوردەکان دەیانەوێت جیاببنەوە و فیدراڵیزیمیان ناوێت، لەلایەکی دیکەوە هیچ لایەنێکی دیکەی فیدراڵی لە عێراق نییە تەنیا هەرێمی کوردستان نەبێت، فیدراڵیزیمی راستەقینە لە عێراق پێویستە هەموو هاووڵاتییانی عێراق لەخۆبگرێت.

گوتیشی: باشترین بیرۆکە بۆ دروستکردنی فیدراڵیزیم لە باشووری عێراق لە دەوروبەری بەسرە، لەلایەن یەکێک لە لایەنە شیعەکان پشتیوانی لێکرا کە زۆر نزیک بوو لە ئێران، بۆیە ئەوان پشتیوانیان لە هەرێمێک کرد لە باشوور، بۆیە بڕوام وایە کێشەکە گەورەترە وەک زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق ئەم جۆرە بیرکردنەوەی لە بە ناوەندیکردنی دەسەڵات هەیە، بە جۆرێک لە جۆرێکان ئەمە شێوەیەکە لە پاراستنی ناسنامەی عەرەبی لە ناوچەکە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە ئیمارات هیچ وڵاتێکی دیکەی فیدراڵیمان نییە.

تۆماس شڤیدینگەر، باسی لەوەکرد، کاتێک هەندێک سیمیناری سەبارەت بە فیدراڵیزم لە زانکۆی کووفە پێشکەشکرد، ئەوەی بۆی روونبووەوە قوتابییەکانی ئەوێ هیچ تێگەیشتنێکیان بۆ دەستەواژەی فیدراڵیزم نەبوو، کاتێک بۆیانی شیکردەوە ئینجا تێگەیشتن کە فیدراڵیزم مانای ئەوە نییە کە وڵاتی عێراق دابەشبکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە دامەزراوەکانی عێراق بگەڕێندرێنەوە بۆ لایەنی هەرێمیی و خۆجێیی.