پارێزگاری دهۆک: سەرۆکوەزیران پاڵپشتی لە فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکات

کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی (وێنە: کوردستان24)
کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتیی لە جووتیاران و رێکخستنی فێستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانیانی کردووە.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، یەکەمین فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئامێدی دەستیپێکرد. د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەشداریی فێستیڤاڵەکەی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەستخۆشی لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەکەم و هیوادارین ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ساڵ بە ساڵ بەرفراونتر بکرێن".

بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی لە جووتیارانی پارێزگای دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و، رێکخستنی فێستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی کردووە. هەرەوەها بەردەوام کاریکردووە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ دەرەوەی وڵات".

د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی رابردوودا بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران، توانیومانە بەرهەمی جیاوازی جووتیارانمان لەنێویشیاندا هەنگوین، پەتاتە و هەنار هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین و، کاردەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی دیکەش هەناردەبکەین". گوتیشی، "هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران، دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە کارەکانیان بدەن".

روونیشیکردەوە، "بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە سنووی پارێزگای دهۆک 700 هەزار تۆن بووە؛ بەشی هەمووی عێراقی کردووە و هەزاران تۆنی هەناردەی وڵاتان کراوە. هەروەها دەیان ساردەکەرەوە دروستکراون بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە هەڵبگرن و بپارێزن".

 

 

یەکەم فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی بەڕێوەدەچێت

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، کاتژمێر 10:30 خولەک؛ یەکەمین فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا بێجگە لە تەحین، بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکەی دەڤەرەکە لەوانەش هەنار، سماق و برنج نمایش دەکرێن.

وارشین مایی، قائیمقامی قەزای ئامێدی لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "29 ئاشی تەحین لە سنووری قەزای ئامێدی هەن و بەرهەمی تەحینی هەر هەمووان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت. لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئاشەکان بە ئاو کاردەکەن؛ تەحینێکی جیاواز، بەتام و زۆر باشیان لێ بەرهەمدەهێندرێت و ئەمەشە تەحینی ئامێدی لە تەحینی ناوچەکانی دیکە جیادەکاتەوە". 

لە باشووری کوردستان تەحینی ئامێدی بە بەناوبانگترین تەحین دادەنرێت و  مێژووی دروستكردنی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاووڵاتییان بو دەستكەوتنی ئەو تەحینە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان سەردانی قەزای ئامێدی دەكەن.

ماوەی چەند ساڵێکە تەحینی ئامێدی هەناردەی ئەمەریکا، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت. بەگوێرەی داتای یەکێتیی هەناردەکارانی دهۆک، لە شەش مانگی رابردوودا 600 تۆن بەرهەمی تەحین لە پارێزگای دهۆک هەناردەی دەرەوە کراوە.