یەکەم فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی بەڕێوەدەچێت

یەکەم فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی بەڕێوەدەچێت (وێنە: ئەلند ئەیووب - کوردستان24)
یەکەم فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی بەڕێوەدەچێت (وێنە: ئەلند ئەیووب - کوردستان24)

K24 - هەولێر

بۆ جاری یەکەم فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئامێدی بەڕێوەدەچێت. قامیمقامی قەزاکەش دەڵێت،  "رێکخستنی فێستیڤاڵەکە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بووە".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، کاتژمێر 10:30 خولەک؛ یەکەمین فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا بێجگە لە تەحین، بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکەی دەڤەرەکە لەوانەش هەنار، سماق و برنج نمایش دەکرێن.

وارشین مایی، قائیمقامی قەزای ئامێدی لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "29 ئاشی تەحین لە سنووری قەزای ئامێدی هەن و بەرهەمی تەحینی هەر هەمووان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت. لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئاشەکان بە ئاو کاردەکەن؛ تەحینێکی جیاواز، بەتام و زۆر باشیان لێ بەرهەمدەهێندرێت و ئەمەشە تەحینی ئامێدی لە تەحینی ناوچەکانی دیکە جیادەکاتەوە". 

لە باشووری کوردستان تەحینی ئامێدی بە بەناوبانگترین تەحین دادەنرێت و  مێژووی دروستكردنی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاووڵاتییان بو دەستكەوتنی ئەو تەحینە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان سەردانی قەزای ئامێدی دەكەن.

لەبارەی ئەو بڕە تەحینەی ساڵانە لە ئاشەکانی سنووری ئامێدی بەرهەمدەهێندرێت؛ وارشین مایی گوتی، "هیچ ژمارەیەکی پشتڕاستکراوەم لانییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاشەکانمان تەحین لە کونجی خۆماڵی بەرهەمدەهێنن، چەند بەرهەمی کونجی زیاتر بێت؛ رێژەی بەرهەمهێنانی تەحینیش زیاتر دەبێت".

 

 

ماوەی چەند ساڵێکە تەحینی ئامێدی هەناردەی ئەمەریکا، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت. بەگوێرەی داتای یەکێتیی هەناردەکارانی دهۆک، لە شەش مانگی رابردوودا 600 تۆن بەرهەمی تەحین لە پارێزگای دهۆک هەناردەی دەرەوە کراوە.

بە گوتەی قائیمقامی قەزای ئامێدی، "دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە؛ بڕیاردا بە رێکخستنی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە تەحینی ئامێدی و بەرهەمە خۆماڵییەکان بەمەبەستی ناساندن و بەبازاڕکردنیان".

وارشین مایی هەناری دەڤەرەکەی بە "باشترین هەناری کوردستان" ناودەبات و دەڵێت، "ویستوومانە لەرێگەی رێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە، بازاڕی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ تەحین، هەنار، سماق، برنج و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکەی دەڤەرەکەمان بدۆزینەوە".

دوو جۆر ئاشی دروستكردنی تەحین لە سنووری ئامێدی هەن؛ هەندێكیان بە ئاو ئیش دەكەن و هەندێكیشیان بە كارەبا. خاوەن ئاشێک بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئاشی ئێمە ئاوییە و زۆر ئەزیەت دەبینین تاوەكو تەحین بە ئاشی ئاو دروست دەكەین، چونكە بە زۆر قۆناغ دروست دەبێت و بۆ دروستكردنی تەحین پێویستمان بە سێ‌ روژ هەیە".

یەکێکی دیکە لە خاوەن ئاشەکان، ئاماژەی بەوە کرد، "رۆژانە لەرێگەی ئاشەکەمان، نزیکەی 200 – 300 کیلۆ تەحین بەرهەمدەهێنین. تەحینەکەمان هەناردەی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین و بەشێکیشی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت".