لوتکەی 2024ـی حکومەتەکان لە دوبەی و گرنگی بەشداریی کارای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

Kurd24

بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەک هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی دەکرێت و ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای هەبوو لەو سەکۆ قەرەباڵخە سیاسییە جیهانییەوە پەیامی هەرێمی کوردستان گەیاند بەگوێی حکومەت و وڵاتانی جیهاندا.

لە لوتکەی دوبەیدا زیاتر(120) سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکانی جیهان و سەدان وەزیر و کاربەدەستی گرنگی حکومەتەکان بەشدارن و بابەتەکانی (ئاییندەی تەکنەلۆجیا، کەش و هەوا ،ئابوری وڵاتانی ناوچەکە و خزمەتگوزاری حکومەتەکان) تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی لوتکەی 2024ـی دوبەی بوو کە لەوێوە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و هەستیار خرانە بەرباس و گفتوگۆ و گەنگەشەکردنەوە بەجۆرێک پەیامی سیاسی گرنگ بۆ رووداو پێشهاتەکان ئاراستەکران، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی چەندین و گرێبەستی ئابوری بەهێز کە ڕەنگە دوای لوتکەکەش هەر بەردەوامی هەبێت

رۆژی (12ـی شوبات) کۆبوونەوەی لوتکەی دوبەی دەستی بەکارەکانی کرد و هەر ئێوارەی هەمان رۆژ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران وتارێکی گرنگی لەسەر زۆربابەتی گرنگ و هەستیار خستەڕوو لەوانە دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و جیهان، کێشە و گرفتە سەرەکی و مێژووەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەش پرسی فەڵەستین و پرسی کورد، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و زوڵم ستەم لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، غەدر و زوڵمی مێژوویی بەرامبەر بە قەزیەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێنەدانی مافی سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد، کێشەو کەمووکوڕی خزمەتگوزاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و تێکڕای وڵاتانی ناوچەکەو زۆربابەتی دیکەش کە دەکرێت چارەسەر بکرێن ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لەلایەن وڵاتانی دەسەڵاتدارەوە هەبێت

لوتکەی دوبەی تەنها کۆبوونەوەیەکی ئاسایی و رۆتینی نییە  بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆیی لەسەر هەندێک بڕیاری سیاسی و ئابوری وڵاتانی ناوەچەیی و جیهانی هەیەو جگە لە گفتوگۆ و پانێڵە فەرمییەکان دەیان هۆڵی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی تێدایە کە کۆبوونەوە گرنگەکانی تێدا ئەنجام دەدەن و زۆر رێککەوتنی ئابووری گرنگی تێدا دەکرێت، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت

ئەمە لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بۆ بەشداری لە کۆنگرەی میونشن بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت، بەشداری کارای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆنفرانسە جیهانیە سیاسی و ئابووری و بازرگانیەکاندا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت لەڕووی سیاسی و گەشەسەندی ئابوورییەوە بەجۆرێک ئەو کاریگەریانە لە هەنگاوی نزیک و دوور مەودادا دەبینین و بەسوود بۆ هەرێمەکەمان دەگەڕێتەوە.