لە کابینەی نۆیەم بڕیار بۆ جێبەجێکردنی 132 پڕۆژە بۆ هەڵەبجە دەرچووە

هەڵەبجە
هەڵەبجە

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەم بە گرنگییەوە لە پارێزگای هەڵەبجە دەڕوانێت، لە چوارچێوەی کابینەکە، تاوەکو ئێستا 132 پڕۆژە بۆ هەڵەبجە دەرچوون و بەشێکی زۆریان تەواوبوون. لەڕووی کشتوکاڵیشەوە خاکەکەی بەپیتە و تێكڕای زەوی کشتوکاڵی لە پارێزگاکە زیاتر لە 150 هەزار دۆنمە.

پارێزگای هەڵەبجە یان هەڵەبجەی شەهید، چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان و 19ەمین پارێزگای عێراقە؛ دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان.

 رووبەری پارێزگای هەڵەبجە 889 كیلۆمەتر دووجایە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەڵەبجە زیاتر لە 140 هەزار كەسە. پارێزگاکە لە 156 گوند، سێ شارەدێ و شارۆچكەیەك پێكدێت كە بریتین لە: شارەدێی سیراون، بەمۆ، بیارە و شارۆچكەی خورماڵ، كە تەمموزی ساڵی رابردوو بە بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كرایە شارۆچكە.

گەشتوگوزاری هەڵەبجە

بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە، هەڵەبجە بە یەکێک لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی كوردستان دادەنرێت. دیارترین ناوچە گەشتیارییەكانی بریتین لە: چاوگ - باوەكۆچەك - گوڵان - ئاوێسەر - زەڵم . بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵانە نزیكەی 300 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی رووی تێدەكەن.

کشتوکاڵی هەڵەبجە

لە رووی کشتوکاڵییەوە؛ 110000 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەیە و، ساڵانە 60000  دۆنم زەوی بە گەنم دەچێندرێت. 

پڕۆژە كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەكانی هەڵەبجە:

- 38 پڕۆژەی پەلەوەری

- 11 پڕۆژەی ئاژەڵداری و بەخێوكردنی ماسی

- 68 پڕۆژەی خانووی پلاستیكی

- پڕۆژەی كۆمەڵگەی خۆراكی راسان

- پڕۆژەی كارگەی ئاوە تەماتەی شارەزوور

- پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی

- پڕۆژەی عەلوەی هاوچەرخی سەوزە و میوە

- پڕۆژەی پۆندی پریسی خواروو

- پڕۆژەی دارستانی رێگای هەورامان

بۆنەکانی هەڵەبجە

دیارترین بۆنە لە هەڵەبجە، فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە کە تاوەکو ئێستا 9 گەڕی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوون. ئەمساڵ زیاتر لە 270 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤالەکەیان کرد. هەروەها زیاتر لە 900 پیشەوەر و جووتیار و باخەوان بەشداریان تێیدا کرد. 

پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی هەڵەبجە:

لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بڕیار بۆ جێبەجێکردنی 132 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە؛ 75 پڕۆژەیان تەواو بوون، 29 پڕۆژە كاركردن تێیاندا بەردەوامە و 28 پڕۆژەش راوەستاون.

پرۆژەكان بەسەر 11 سێكتەری جیاوازدا دابەشبوون:

- 57  پڕۆژەی رێگابان و گواستنەوە

- 20  پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ

- 14  پڕۆژەی پەروەردە

- 14 پرۆژە ژێرخان و خزمەتگوزاری

- 8 پرۆژەی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی

- 5 پڕۆژەی كشتوكاڵ

- 4 پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزە

- 4 پرۆژەی تەندروستی

- 3 پرۆژەی گەشتوگوزار

- 2 پرۆژەی دروستكردن

- 1 پرۆژەی بانك و خزمەتگوزاری دارایی