مەسرور بارزانی ئاواتی چەند ساڵەی هەڵەبجەییەکان دەهێنێتەدی

(وێنەکە ئەرشیفە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)
(وێنەکە ئەرشیفە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە)

K24 - هەولێر

دانانی بەردى بناخەى پردى تووەقوت یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە کە دەرچەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری دەبێت بۆ سنووری ئەو پارێزگایە.

لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەشتێکی چۆڵ و رووبارێک دەردەکەوێت کە بە دروستکردنی پردی تووەقوت؛ شوێنەکە دەبێتە رێگایەکی ستراتیژی و گرنگ. پردەکە پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئاواتی چەند ساڵەی دانیشتووانەکەی بەدیدەهێندرێت.

دانیشتووانی ناوچەکە بە دروستکردنی پردی تووەقوت دڵخۆشن. وەکو ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، بە دروستکردنی پردەکە گرفتێکى گەورەیان لە کۆڵ دەبێتەوە.

فاروق سەید عەبدوڵڵا، دانیشتوویەکی گوندی تووەقوەتە و دەڵێت: "پڕۆژەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە هەم لە رووی گەشتیارییەوە و لە رووی هاتووچۆشەوە لەبەر ئەوەی گەرمیان و هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دەکات".

تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 31 ملیار دینارە و یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە. پڕۆژەکە دەرچەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری دەبێت بۆ سنوورەکە، بە تەواوکردنی دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی دیکه سوودی لێ وەربگرێت.

چیا قاسم، بەڕێوەبەرى  گشتیی گەشتوگوزارى هەڵەبجە باس لەوە دەکات، "دروستکردنی پردی تووەقوت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت. بە تەواوکردنی پردەکە، وەبەرهێنەران کەپری گەشتیاری لە سنوورەکە دروست دەکەن. هاوکات لەوەش گرنگتر کورتکردنەوەی رێگەیە و کاریگەری زۆر باشی لەسەر هاتنی گەشتیاران دەبێت بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە".

دروستکردنی پردی تووەقوت بۆ هەڵەبجە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و گرنگی زۆری دەبێت بۆ بووژانەوەی شارەکە. بڕیار بوو ساڵی 2021 دەست بە پڕۆژەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی کوردستان دواخرا.

پڕۆژەی پردی توەقوت تەنیا بریتی نییە لە پردەکە، بەڵکو پرد و رێگاکەیەتی، تەنیا رێگاکەی 27 کیلۆ مەترە، هەروەها درێژی پردەکە نزیکەی 350 مەترە. پڕۆژەکە بە 720 رۆژ تەواو دەکرێت کە پێشتر لە کۆتایی شەڕی نێوان عێراق - ئێران تەقێندراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات و کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دادەنێت.