مەسرور بارزانی بەردی بناخەی ڕێگە و پردی تووەقوت لە پارێزگەی هەڵەبجە دادەنێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە پارێزگای هەڵەبجە و بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری ئەو پارێزگایە دادەنێت.

نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، سەرۆکوەزیران سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دادەنێت.

پردی تووەقوت، کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بۆ دادەنێت؛ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.

درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پارێزگای هەڵەبجە یان هەڵەبجەی شەهید، چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان و 19ەمین پارێزگای عێراقە؛ دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان.

 رووبەری پارێزگای هەڵەبجە 889 كیلۆمەتر دووجایە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەڵەبجە زیاتر لە 140 هەزار كەسە. پارێزگاکە لە 156 گوند، سێ شارەدێ و شارۆچكەیەك پێكدێت كە بریتین لە: شارەدێی سیراون، بەمۆ، بیارە و شارۆچكەی خورماڵ، كە تەمموزی ساڵی رابردوو بە بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كرایە شارۆچكە.

لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بڕیار بۆ جێبەجێکردنی 132 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە؛ 75 پڕۆژەیان تەواو بوون، 29 پڕۆژە كاركردن تێیاندا بەردەوامە و 28 پڕۆژەش راوەستاون. 

پرۆژەكان بەسەر 11 سێكتەری جیاوازدا دابەشبوون:

- 57  پڕۆژەی رێگابان و گواستنەوە

- 20  پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ

- 14  پڕۆژەی پەروەردە

- 14 پرۆژە ژێرخان و خزمەتگوزاری

- 8 پرۆژەی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی

- 5 پڕۆژەی كشتوكاڵ

- 4 پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزە

- 4 پرۆژەی تەندروستی

- 3 پرۆژەی گەشتوگوزار

- 2 پرۆژەی دروستكردن

- 1 پرۆژەی بانك و خزمەتگوزاری دارایی