دانا عەبدولكەریم: پرۆژەی رێگا و پردی تووەقوت لە 720 رۆژدا تەواو دەكرێت

kurdistan24.net

K24 – هەڵەبجە:

بەردى بناغەى پردى تووەقوت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دانرا كە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان و هەڵەبجە و گەرمیان پێكەوە دەبەستێتەوە، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی رێگا و پردی تووەقوت لەسەر داوای خەڵكی هەڵەبجە و بە پاڵپشتی مەسرور بارزانی جێبەجێ دەكرێت و بڕیارە لەماوەی 720 رۆژدا تەواو بكرێت.

کۆی درێژی رێگاکە 27 کیلۆمەترە و تێچووەکەی 32 ملیار و 750 ملیۆن دینارە و سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ناوچەکانی تووەقوت و قلیچە و چەند شوێنێکی دیکە و پرۆژەکە پێکدێت لە پردێکی نوێ کە درێژییەکەی 360 مەترە و بەسەر رووباری سیرواندا تێپەڕدەبێت و لە دوو جووت سایدی 11 مەتری پێکدێت.

لەلایەن خۆیەوە، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە دەستیان کردووە بە دووبارە دیزاین کردنەوەی رێگا و پردی تووەقوت لەبەرئەوەی دیزاینی پێشوو وەک پێویست نەبووە و بە هەوڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بودجەی پێویستی بۆ دابینکراوە.