سووریا: 18 ھەزار زیندانی لە زیندانەكانی رژێم گیانیان لەدەست داوە

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: زیندانییەكان بە ھۆی ئەشكەنجە و دەسدرێژیكردنە سەر گیانیان لەدەست داوە

بە گوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ناونیشانی ( ئەو مرۆڤ تێكدەشكنێ: ئەشكەنجەدان و نەخۆشی و مردن لە زیندانەكانی سووریا) بڵاوكراوەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2011 تا 2015، (18000) ھەزار زیندانی لە زیندانەكانی رژێمی سووریا گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو رێكخراوە، كە لە زاری (65) كەس لەو زیندانییانەی لە ئەشكەنجەدان دەربازیان بووە وەرگیران، گیان لەدەستدانی زۆربەی زیندانییەكان بە ھۆی ئەشكەنجەدان و دەسترێژیكردنەوە بووە. بۆیە رێكخراوی ناوبراو داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات فشار بخەنە سەر رژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی كۆتایی بە ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان بھێنێت.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، زیاتر لە 17 ھەزار و 773 كەس لەكاتی زیندانیكردنیان لە نێوان مانگی ئاداری 2011 تا كانوونی یەكەمی 2015، گیانیان لەدەست داوە. بە قسەی ناو راپۆرتەكە ئەمە بەو مانایە دێت، كە ڕۆژانە 10 كەس و لە مانگێكدا 300 كەس گیانیان لەدەست داوە.

فیلیپ لۆتەر، بەڕێوەبەری بەشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە رێكخراوی ناوبرا دەڵێ: بە درێژایی دەیان ساڵ حكوومەتی سووریا ئەشكەنجەدانی وەك ئامرازی تێكشكاندن و لەناوبردن لە دژی نەیارەكانی بەكارھێناوە. لەم رۆژگارەشدا، حكوومەتی سووریا ئەشكەنجەدان وەك بەشێك لە ھێرشێكی رێكخراو و بەرفراوان دژی ھەر كەسێكی سڤیل پەیڕەو دەكات، كە گومانی ئەوەی لێ بكرێ نەیاری حكوومەتە، تەنانەت ھەندێ جار ئەم ئاشكەنجەدانە دەگاتە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.