وێنه‌ی جه‌رگبڕی منداڵیكی برینداری سوری ده‌بێته سیمبوڵی ترس و وه‌حشه‌تی شه‌ڕی ناوخۆیی
K24 – هه‌ولێر
وێنه‌ی جه‌رگبڕی منداڵێكی سوری له شاری حه‌له‌ب كه به‌هۆی هێرشێكی هه‌وایی برینداربووه، ده‌بێته سیمبوڵی ترس و وه‌حشه‌تی شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته، كه میدیای جیهانی به‌خۆوه سه‌رقاڵ كردووه.
عومران ده‌قنیش پێنج ساڵه یه‌كێ له‌و پینج منداڵه‌یه كه له هێرشی هه‌وایی رۆژی چوارشه‌ممه له حه‌له‌ب بریندار بووه.
ده‌موچاوی منداڵه‌كە به خوڵ و خوێن و ترس و دڵه‌راوكێ داپوشراوه، كه شیوازی دانیشتنی له‌سه‌ر كورسیی ئه‌مبوڵانس و روانینی، جه‌رگی مرۆڤ ده‌سوتێنێت. وێنه‌كه ئاستی مه‌ترسیداربوونی كاره‌ساتی سوریا بۆ سه‌ر منداڵان و هاووڵاتیانی سڤیل پیشان ده‌دات.
منداڵه‌كه له‌ژیر دیواره رووخاوه‌كانی حه‌له‌ب ده‌رهێنراوه، كه بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانی له سۆسیال میدیا هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌م شاره‌دا كه به سه‌ر دوو به‌ش له‌نێوان حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن دابه‌شكراوه.