په‌رله‌مانی عێراق میوانداریی وه‌زیری دارایی ده‌كات

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق
باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ خشته‌كانی بودجه‌ میوانداریی وه‌زیری دارایی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 23ـی ئایاری 2024) نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ خشته‌كانی بودجه‌ی 2024‌ میوانداری ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی ده‌كات.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی عه‌توان عه‌توانی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری دارایی تاوتوێی هۆكانی زیادكردنی خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن و دۆسیه‌ی پاره‌داركردن ده‌كات.

خشتەی بودجەی عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان و بڕیارە هەمواری بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی بکرێت. بودجەی ئەمساڵ 211 ترلیۆن دینارە و 66 ترلیۆن و 600 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە. هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان 20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە.

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مەترسیی "ئینفاق فیعلی" لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە "ئینفاقی فیعلییە"وە نەماوە و پێویستە مووچەکە مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت".

پشکی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 دا  20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە کە نزیکەی 12 ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە.  پێشبینی دەکرێت بە پەسەندکردن و خەرجکردنیی گەشەی ئابووری لە هەرێمی  کوردستان زیاتر دەبێت.

بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2024-2025 داڕێژراوە و پەسەند کراوە، لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا، ساڵ دوای ساڵ بەگوێرەی کورتهێنان، قەرز و داهاتەکان هەموار بۆ بەشێک لە بڕگەکان دەکرێتەوە و پاشان پەسەندی کۆتایی دەکرێت.