قەیرانی ئابوری و دیاردەی خۆکوشتن لە ئیتالیا

Kurd24

ئەو قەیرانە سەختە ئابورییەی ،کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دووچاری  چەند وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆتەوە، بەتایبەتی  ولاتی ئیتالیا، بۆتە مایەی نیگەرانی زۆربەی دانیشتوانانی ئەو ولاتانە. هەر ئەو کێشە ئابورییەش بوو لە ئیتالیا وایکرد حکومەتی (سیلڤیۆ بێرلسکۆنی) تێک بچێت و لە شوێنی ئەو حکوومەتێکی تێکنۆکرات دروست ببێ، بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی  ئەو کات ( پرۆفیسۆر ماریۆ مۆنتی) ، ئەویش لە پێناو رزگارکردنی ئەو ولاتە لەو قەیرانە ئابورییە سەختە. ئەوەبوو (مۆنتی) دەستبەجێ هەڵسا بە زیادکردنی باج لەسەر هاوولاتیان بەتایبەتیش  چینی کرێکار و خانەنیشینان، بەمەبستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکە،کە ئەمەش چینی هەژاری ئەو وولاتەی زۆر نیگەران کرد.

بۆیە دوای   ١٧ مانگ لە پۆستەکەی دەستی لەکار کێشایەوە  و لە مانگی شوباتی ٢٠١٣ هەلبژاردن ئەنجامدرا و پارتی دیمکراتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی(پێرلویجی بێرسانی)  سەرکەوتنی بە دەست هێنا، بەلام نەیتوانی حوکمەت پێک بهێنێت دوای چەند رۆژێک  ئەرکەکەی خستەوە سەر شانی  سەرۆک کۆمار، ئەویش لەلایەن خۆیەوە  ( ئینریکۆ لێتە)ی  راسپارد بۆ دروست کردنی حوکمەتێکی نوێ ، حوکمەتەکەی  ئەویش ١٠ مانگی خایاند بێ ئەوەی بتوانێ هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزێتەوە ئەمەش بووە هۆی دروست بوونی نارەزایی لە نیو خودی پارتی دیموکرات  کە وای کرد سەرۆک کوماری ئەو کات( جۆرجۆ ناپۆلیتانۆ) سەرۆک وەزیران بگۆرێ و ( مەتەیۆ رێنسی) سکرتێری پارتی دیمکراتی ئیتالیا دیاری بکات  بۆ دروست کردنی حوکمەتێکی تر.

رێنسی کە ماوەی  سێ سالە دەست بەکارە  ئەویش تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی کێشە داراییەکە چارەسەر بکات، بە پێچەوانەوە، لەو ماوەیە کێشەی هاتنی بە لێشاوی پەنابەرو کوچبەری نایاساییش  هاتە سەر، وایکرد کێشەکان ئاڵۆزتر بن.لە هەمان کاتیشدا   ولاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک یارمەتی ئیتالیا نادەن بۆ رووبەروو بونەوەی ئەو کێشانە،  کێشە ئابورییەکەش تا دێت سەختر دەبێت،  کە ئەمەش بووتە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی دیاردەی خۆکوشتن لەو وولاتە، هەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنی کەرتە  تایبەتیە بچوکەکان خۆیان کوشتووە،بەهۆی شکست هێنانی کارگەکانیان و زیادبوونی رێژەی باج لە سەریاندا.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە زۆربەی ئەو کارگانە کە سەر بە  کەرتە تایبەتن کاریان بۆ حوکمەت ئەنجام داوە،بەڵام لەبەرامبەردا حوکمەت تا ئێستا یەک  سەنتی پێ نەداونەتەوە. لە راستیدا هاوولاتیانی ئیتالیا بەهیوای ئەوەبوون کە حکومەتی نوێ باج لەسەر دانیشتوانی کەم دەرامەت زیاد نەکات، هەوڵی ئەوە بدات مووچەی پەرلەمانتارانی وولاتەکە کەم بکاتەوە ،کە مووچەکانیان لە موچەی پەرلەمانتارانی وولاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا زۆر زیاترە، هەروەها هەوڵی بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی لە دامو دەزگاکانی حکومەت بدات  کە رۆژانە  پولیسی ئابوری و دەسەلاتی دادوەری   خەریکی  ئاشکراکردنی  کاری گەندەلین  کە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە چ دەسەلاتی سیاسی  چ  کومەلگای مەدەنی، بەتایبەتیش نەهێشتنی دیاردەی بەکار هێنانی سەروەت و سامانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی پارتە سیاسیەکان، بۆ نموونە  پارتێک  وەک پارتی (مارگریتا) کە (فرانچێسکۆ روتێلی) سەرکردایەتی دەکرد،دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە دەرکەوت کە بەرپرسی ژمێریاری پارتەکە (سەناتور لوزی) زیاتر لە (١٣)ملیۆن یۆرۆی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکارهێنابوو، هەروەها پارتی (هەڤاڵبەندی باکور)ی ناسراو بە (لێگە نۆرد)کە (ئۆمبێرتۆ بۆسی)سەرکردایەتی دەکرد و هەمیشە چەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارتێکی پاک و راستگۆیە، کەچی ئاشکرا  بوو خۆدی (بۆسی) و کورەکانی رێژەیەکی زۆر پارەی پارتەکەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە،بۆسی کە هەمیشە دانیشتووی رۆمای بە دز ناوزەد دەکرد کەچی دەرکەوت ئەو نازەدکردنە تەنها خۆی دەگرێتەوە.

 ئێستاش  گەلی ئیتالیا مەشغول کراوە بە ریفراندوم لە سەر دەستوری ئیتالیا، کە بریارە لە ٤ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت،  بە گوێرەی ووتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا (رێنسی) ، سەرکەوتنی ئەم رێفراندومە خەرجی دەولەت کەمدەکاتەوە، بە نەمانی ئەنجومەنی پیران و گۆرینی رێرەوی  سیاسەت لە و ولاتە.