گەڕەكێكی دیكەی مووسڵ لە دەستی داعش رزگاركرا

K24 – ھەولێر

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، ھێزە عێراقییەكان گەڕەكی قودسی دووەمی شاری مووسڵیان كۆنترۆڵكردەوە.

شانەی راگەیاندنی جەنگی لەزاری فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رایگەیاند: "ھێزەكانی دژە تیرۆری عێراق گەڕەكی قودسی دووەمیان لەبەری چەپی شاری مووسڵ لە دەستی داعش رزگاركرد و ئاڵای عێراقیان لەسەر بیناكانی گەڕەكەكە بەرزكردەوە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ راشیگەیاندووە، چەكدارانی داعش لە گەڕەكی قودسی شاری مووسڵ زیانی زۆریان بەركەوتووە.

قۆناغی یەكەمی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، 10 هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌س له‌ سوپای عێراق و پێشمەرگە، به‌ پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستیپێكرد و زیاتر لە 40 گەڕەكی مووسڵ لە دەستی داعش رزگاركران، رۆژی پێنجه‌شممه‌ 29 كانوونی یه‌كه‌می 2016 قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.