بەھۆی قوباد تاڵەبانییەوە كۆبوونەوەكە دواخرا

بڕیاربوو لە كۆبوونەوەكە راپۆرتێك لەبارەی بڕی مووچە و سیستمی پاشەكەوتی مووچە ئاراستەی لیژنەكە بكرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بڕیار بوو ئەمڕۆ لیژنەی باڵای چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەكە دواخرا.

ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی مەبەستیان ئەوەبوو بەتایبەتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببنەوە، بەو پێەی وەك سەرپەرشتیاری لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سنووری ئیدارەی سلێمانی راسپێردراوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆمەڵێك راسپاردە بدرێتە قوباد تاڵەبانی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سلێمانی نەگەڕاوەتەوە كۆبوونەوەكە دواخرا".

گوتیشی: "بڕیار بوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی دارایی راپۆرتێك لەبارەی بڕی مووچە و سیستمی پاشەكەوتی مووچە بخاتە بەردەم لیژنەكە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و دەستكاری بكەن".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، بڕیاربوو كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تایبەت بێت بە چەند مەلەفێك، پێشتر حەوت مەلەف لە لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گەیەنراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بخرێنە بەردەم قوباد تاڵەبانی، بۆ ئەوەی لە سنووری سلێمانی كاریان لەسەر بكرێت و دەزگا ئەمنییەكان دەستكراوەتر بكات و فەرمان بە دەزگا ئەمنییەكان بكات ھەر سكاڵایەك لەسەر ھەر كەسێك لە دادگاوە چووە بەردەستیان دەستگیریان بكەن، تا ئێستا ئەو كەسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون لە سلێمانی دەستگیر نەكراون".