سەربازێكی توركیا لە باب كوژرا

سێ دیكەشی برینداربوون

K24 - ھەولێر

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر سەربازانی وڵاتەكەیان لە ناوچەی باب و لە ئەنجامدا سەربازیك كوژرا و سێ دیكەشی برینداربوون.

سوپای توركیا رۆژی 24 ئابی 2016 بە بەشداری گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" ھێرشی كردە سەر جەرابلوس و ماوەی چەند مانگێكیشە ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب دەدات و ئامانجێشی پێشیگرتنە بە ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی ناوچە كوردییەكانی یەك نەخات. بەتایبەتی عەفرین و كوبانێ پێكەوە نەبەستێتەوە، پاش ئەوەی كە شاری منبجیان كۆنترۆڵ كرد.

لە ماوەی 173 رۆژی ئۆپەراسیۆنەكە 67 سەربازی تورل كوژراون و ژمارەیەكی زیاتریش برینداربوون.

لە دوایین پێشھاتەكانی شەڕی باب، سەربازانی توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن چوونەتە ناو سەنتەری ناحیەی باب، كە لە ھەر چوار لاوە ئابڵۆقە دراوە.

لە لایەكە ترەوە ھێزەكانی رژێمی سوریا و ھاوپەیمانەكانی گەیشتنە باشووری ناحیەی باب، پاش ئەوەی تاكە رێگە پەیوەندیی داعش لە باشووری رۆژھەڵاتی باب لەگەڵ شوێنەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی داخست.

رۆژی 8 شوباتی 2017 فڕۆكەكانی روسیا لە ناوچەی باب 3 سەربازی توركیان كوشت و 11 دیكەشیان بریندار كرد.

ھەر پاش ئەم رووداوە، گوتەبیژی كۆشكی كرملین دمیتری پێسكۆڤ رایگەیاند "بۆردومانی فڕۆكەكانیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی توركی ئەنجامدراوە و شوێنی بۆردومانەكەشی لە لایەن توركەكانەوە دیاری كرابوو".

بەڵام سوپای توركیا ئەم لێدوانەی كۆشكی كرملینی رەتكردەوە و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئەو شوێنەی لە لایەن فڕۆكەكانی روسیا بۆردومان كراوە، سەربازانمان لانیكەم 10 رۆژ پێشتر لەوێ بوون و ھەر ئەو رۆژ كاتژمێر 23:11  دووبارە بە ناوەندی حمیمیم راگەیەنرا كە سەربازەكانمان لەو شوێنەن".

JS