كەبوودوەند بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پاڵێورا

زیاتر لە 10 ساڵە لە زیندان دایە

K24 - ھەولێر

حزبی چەپی سۆسیالیستی نەرویج محەمەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2017 دەپاڵێوێت، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە زیندانە.

محەمەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک باوکی مافی مرۆڤی کورد ناسراوە.

ئەمە چوارەمین جارە بە هۆی هەوڵەکانی کۆمیتەیەکی کوردی بە ناوی کۆمیتەی چالاکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ کەبوودوەند، ئەم چالاکوانە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.

کەبوودوەند بە هۆی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سزای یازدە ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و زیاتر لە 10  سالە لە زیندان دایە.

كەبوودوەند مانگی ئایاری 2016 دەستی بە مانگرتن كرد و ھەر ئەوكات ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند باری تەندروستی کەبوودوەند ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشک دایە، پاش ئەوەی نزیکەی مانگێک مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتبوو.

راشیگەیاند کەبوودوەند، نەخۆشی دڵ و گورچیلەی ھەیە و لە زیندانیش داودەرمانی پێویستی پێنادرێت.

رەوەندی كوردی لە ئەوروپا بە چەندین خۆپیشاندان و مانگرتنی ھەندێ چالاكوان پیشتگیری خۆیان بۆ كەبوودوەند راگەیاند و داواشیان لێكرد كۆتایی بە مانگرتنەكەی بھێنێت.

كەبوودوەند خاوەنی چەندین خەڵاتی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی جیھانە.

JS