سەربەخۆیی و بازاڕ

Kurd24

لەبەردەم قۆناخێكی ھەستیارداین، ھەنگاو نان بەرەو ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، چەندە خەون و خولیا و ئاواتمانە، ھێندەش جورئەت و ئیراد و ھێزی قوربانیدانی گەرەكە و پێویستیە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.

 

لە ساڵانی رابردوودا نەتواندراوە ئابوورییەكی وا تۆكمە بونیات بندرێت، كە بتواندرێت لە ساتی راگەیاندنی سەربەخۆیی سەت لە سەت پشتی پێ ببەسترێت، ئەوەش ھەلومەرجی داھاتوومان ھەستیارتر دەكات. جیاوا لەوەش، خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی بەرھەمی ناوخۆیی، بووەتە چەكێكی بەھێز لەدەست نەیارانی ریفراندۆم و خەڵكی پێ دەترسێندرێت، ھەندێكیان دەڵێن نان نامێنێت و ئەوەی تر دەڵێت دەرگای سنوورەكان دادەخرێن و دەست بە ئاردەوە بگرن، لە كاتێكدا ھیچ یەك لەو قسانە لە روانگەیەكی دڵسۆزانە نییە و تاكە مەبەست لێی كۆكردنەوەی دەنگی نەخێر و شكستپێھێنانی پڕۆسەكەیە.

 

ئەركێكی گرنگ دەكەوێتە سەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ئیدارە خۆجێییەكانی سەرجەم شارەكانی كوردستان، ئەویش چاودێرییەكی وردی بازاڕ و بازرگانانە، زۆربەی كات، بەشێك لە بازرگانەكان كە ویژدانیان وەلاناوە، خراپی دۆخی ئابووری و قەیرانەكانیان قۆستووەتەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و گرانكردنی نرخەكان، كاڵا و خۆراك و پێداویستییەكانی ژیانیان خۆرخكردوون و لە دۆخێكی نالەباری خەڵك و لەباری خۆیان، بە نرخێكی گرانتر فرۆشتوویانەتەوە، ئێستاش خەڵكی ترسیان لەوە لێ نیشتووە، بەلام پێویستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان (بەر لە تاو، بەڕ بەخۆیدا بدات) و چەند میكانیزمێكی گونجاو دابنێت، بۆ رێگرتن لەو حاڵەتانە، رێبگرێت لە قۆرخكاری پێداویستییەكان. ھەروەھا پێویستە لە رێی چەند لیژنەیەكەوە چاودێری چڕی بازاڕ بكرێت، بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە گرانبوونی نرخەكان.

 

بڕیاری گرنگ و ئامانجی باڵا، قوربانیی گەورەشی پێویستە، ھاوكات بۆ رێگرتن لە دەرھاوێشتە خراپەكانی، سەپاندنی بڕیاری زۆرەملێش پێویستە، سالانێكە بازاڕەكانی كوردستان بێ چاودێرین و بازارگانان قازانج دەكەن، پێویست دەكات ئەوان لە ھەر ئەگەرێك و بارودۆخێكی داھاتوودا بە كەڵكی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بێن. لە ھەمووی گرنگتر سەپاندنی سزا بەسەر ھەر بازرگانێك، كە بیەوێت بارودۆخی داھاتوو بۆ خۆ دەولەمەندكردن بقۆزێتەوە، ئەوە لە دژی كەسێك دەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی سەدان كەسە. ھەنگاوێكی دیكەی ئەرێنی بۆ دوای ریفراندۆم و كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی، باشتر دەبوو ئەگەر گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان حكومەتی ھەرێمی كوردستان بیكڕیبایەوە و خۆی عەمباری بكردبایە لە سایلۆكانی ھەرێمی كوردستان، ئەوەش وەك ھەنگاوێك بۆ ئامادەكارییەكانی دوای ریفراندۆم و ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی، لە كاتێكدا كە ئاردمان لە بەغداوە بۆ نەیەت.

 

حكومەتی ھەرێمی كوردستان كوردستان ساڵانی رابردوو ئەوەندەی پرژاوەتە سەر ھەناردەكردنی نەوت و پشتبەستن بە نەوت، ئەوەندە نەپرژاوەتە سەر پەیداكردنی سەرچاوەی دیكەی داھاتی بەدیلی نەوت و دابینكردنی بەرھەمی ناوخۆیی، زەوییە كشتووكاڵییەكان زۆربەیان دابەشكران و كران بە خانوو، ئەگینا دەبوو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەدان كارگەی بەرھەمھێنانی بەرھەمی جیاواز لە ھەرێمی كوردستان دابمەزرانایە، بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی سروشتی دەوڵەمەندی ھەرێمی كوردستان وەبەربھێندرێن، تا نەك بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵكو بەرھەمەكە ھەناردەی دەرەوەش بكرایە، بەلام كە ئەوە نەكرا، ئێستاش درەنگ نییە ھەوڵی لەو شێوەیە بدرێت. پێویستە بۆ چەند مانگ داھاتوو باش خۆمان ئامادە بكەین، لە ئاستی تاكەوە دەست بە كەرەستە و كەلوپەل و كاڵاكانمانەوە بگرین، لە ئاستی حكومەتیشەوە، بەر لە ھەموو شت چاودێرییەكی توندی بازاڕ بكات و رێگری بكات لە قۆرخكاری و گرانبوونی نرخەكان و ھەنگاوی دیكەشی بە ئاراستەی دابینكردنی بەرھەمی سەتا سەتی ناوخۆیی بێت، بۆ ئەوەی دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی، رووبەڕووی قەیرانی بازاڕ و گرانبوونی نرخەكان نەبینەوە