کورد پێویستی بەیەکگرتنە

Kurd24

داگیرکردنی شاری عەفرین لە کوردستانی رۆژئاوا لە لایەن  هێزەکانی جەلادی کوردکوژ و سوڵتانی عوسمانلی ئەردۆگان، کارێکی زۆر ناڕەواو دوور لە گشت یاسا و رێساکانی نێودەوڵەتی بوو، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو کوردێک دوور لە بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتی دژی ئەو داگیرکردنە بوەستێ و حکومەت ودەستەڵادارانی تورک شەرمەزار بکەن.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ساڵی 2014 کاتێک تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر  شارۆچکەی مەخمور و داگیریان کرد، ئەو کات هەموو  هێزە کوردییەکان (رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوا) بە هانای براکانییان لە باشوری کوردستان هاتن و توانییان بە یەکگرتوویی شکست بە دوژمن بێنن و لەو شارە دەریان بکەن. ئەوەش بووە جێگەی خۆشحاڵی هەموو تاکێکی کورد. جگە لەمەش کاتێک شاری کۆبانێ لە رۆژاوای کوردستان لە مەترسیدابوو هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەهانای برا شەرڤانه‌كانی رۆژئاوای کوردستانەوە چوون و توانیان شان بەشانی یەکتری بەرامبەر بە گروپێکی تیرۆریستی وەک داعش بوەستن وسەرکەوتن وەدەست بێنن.

هێزە عوسمانیلیەکانی ئەردۆگان تا ئێستا بە سەدان منداڵ و ژن و بەساڵاچووی کوردیان شەهید کردووە. ئەوەی ئەردوگان تا ئێستا ئەنجامی داوە بە  پێشێلکردنی مافی نیودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا هیچ هەڵوێستێکیان نیە، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی کە کوردانی تاراوگە لە گشت شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا تا ئیستا ئەنجامیانداوە.

لەمەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە ئێمەی کورد ناتوانین پشت بە هیچ کەس و لایەن و وڵاتێک ببەستین، چونکە ئەوان  تەنها بەکارمان دێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، دواتریش پشتمان لێ دەکەن، با دوور نەچین ، کێ بوو وایکرد گروپێکی تیرۆریستی وەک داعش لە ناوبچێ، ئایا ئەگەر هێزوبازووی پێشمەرگە  و شەرڤانانی قارەمان نە بووایە تا ئێستا داعش نەگەیشتبووە ئەوروپا؟

كورد دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ یەکگرتن وپشت به‌ خۆبه‌ستن، تەنها بەمە دەتوانێت ئەو هێڵەی دوژمن ناوی ناوە سنوور رەشی بکاتەوە. با لەمەودوا واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزب و حزبایەتی بێنین،  چونکە بەدرێژایی مێژوو چەندین هەڵە ئەنجام دراوە لە لایەن پارت و لایەنە سیاسیەکانی کورد بێ ئەوەی سوود لەو هەڵانە وەرگیرابێت. بۆیە دۆژمنانی کوردیش ئەمەیان قۆستووه‌ته‌وه‌و هەمیشە کوردیان لە دژی کورد بەکارهێناوە.

دەبێ ئەوە باش بزانین نه‌ ئەردۆگان و نە روحانی و نە عه‌بادی و ئەسەد دەبن بە دۆستی کورد، ئەگەر درۆ لەگەڵ خۆمان نەکەین. بۆ ئەوان کوشتنی منداڵێکی چاو گەشی کورد جا چ لە کەرکوک بێت، یاخود لە عەفرین و یان لە دیاربەکر و مهاباد، دڵخۆشیەکە و بە لە ناوبردنی کوردی دادەنێن. وەک پێشینان ووتویانە "بە باو بە باران لە تەمەنی بەفر کەم دەبێتەوە" .