لە نێوان کوردایەتی و عێراقچێتی دا؟

Kurd24

حەقە هەر تاکێکی کورد لەهەر شوێنێک بێت ئەو پرسیارە لە خۆی و خەڵکی تریش بکات، ئایا خەباتی گەلی ئێمە لە پێناو ماف و شوناسی کورد بوون بوو؟ یان لە پێناو عێراقێکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوو بوو؟ دیارە گەلی کورد ئەو هەموو خوێنەی داوە و ماڵوێرانیەی بینیوە لە پێناو وەدەست هێنانی ماف و سەلماندنی شوناسەکەی بووە، بۆیە بەدرێژایی مێژووی دروست بوونی عێراق و پێش ئەو مێژووەش کوردایەتی خەمی ئەبەدی ئەو میللەتە بووە، کە پێمانوایە هیچی لەو میللەتانەی تر کەمترنییە کە ئەمڕۆ بەناحەق و ستەمکاری خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەرمانەوە، بۆیە بۆ وەدەست هێنانی ئەو ماف و شوناسە بەرگەی ئەو هەموو سەختیە و ماڵوێرانییەی گرتووە.

ئەگەر خەباتی ئێمە بۆ عێراقێکی یەکگرتوو خاوەن سەروەریش بووە وەک ئەمڕۆ هەندێک هێزو لایەنی کوردستانی پێشبڕکێیان لەسەر عێراقی بوونە و هەریەکەیان دەیانەوێ پێش ئەوی تر وەلاو دڵسۆزی خۆی بۆ عێراقی یەکگرتوو بسەلمێنێ، ئێمەش وەک پارتی بە دژە عێراق نیشان بدەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە پێیان دەڵێین: ئێمە بەشانازیەوە خەباتمان بۆ کوردایەتی و پاراستنی شوناسی کوردبوون بووە و خۆشمان بەمیراتگری خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە دەزانین کە ڕۆژانێک لە پێناو خاک و کوردایەتیدا گیانیان بەخشیوە.

گەرخەباتی گەلی کوردستان وەک ئەمڕۆ هەندێک لایەن ئیدیعای لە پێناو عێراقێکی یەکگرتووبوایە؟ ئەو هەموو خوێن و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیە لە پێناو چی بوو؟ هەرکەسێک لە سەردەمی رژێمی بەعس و پێش بەعسیەکانیش بێنەسەرحوکم، لەگەڵ عیراقی یەکگرتووبایە ئەوا بەسەت جار زیاتر ماف و ئیمتیازەکانی لە ئەمڕۆ زیاتر دەبوو، بەتایبەتی گەلی کورد لە کوردستان، گەر وەک ئەمڕۆ هەندێک لایەنی سیاسی شانازی بەعێراقی بوونی خۆیانەوە دەکەن و خەمی عێراقی یەکگرتوویانە، ئەوا لەسەردەمی سەددامدا نە دووچاری کیمیاباران و نە ئەنفال و راگواستن و ئاوارەیی نەدەبووین مافەکانیشمان زیاتر لە ئەمڕۆ وەدەست دەهێنان، ئێ خۆ حوکمڕانانی عێراقیش هەرلە مەلیکەوە تا سەددام هەر ئەوەیان لە گەلی کورد دەویست کە شانازی بەعێراقی بوونی خۆیانەوە بکەن، ئیتر ژیانێکی شاهانە دەژیاین، بەڵام گەلی کورد شوناسی کوردبوونی خۆی لە هەموو شتێک پێ باشترو گرنگتربوو، بۆیە لەو پێناوەدا خوێن و نرخێکی زۆر گرانیدا.

ئەمڕۆ هەندێک لایەن هێرش دەکەنە سەر پارتی تاوانبارمان دەکەن بە وەی لە دژی عێراق پیلان دەگێڕین و باوەڕمان بەعێراق نییە، تەنها بۆ ئەوەی لای خەڵکی تر لە بەغدا و دەرەوەی بەغداش زیاتر دڵسۆزی خۆیان بسەلمێنن، پێموایە ئێستا کاتی ئەو پرسیارەیە لە و هێزانە بکەم پێیان بڵێم مادام ئێوە ئەوەندە باوەڕتان بەعێراقی یەکگرتوو هەیە و تا ئەڕادەیەش بۆی دڵسۆزن بۆچی کاتی خۆی لە دژی عێراق لەگەڵ لایەنی دەرەکی پیلانتان گێڕاو هەڵەبجەتان بەو دەردە برد، کەواتە بەپێی ئەو لۆژیکەی ئێوە بێت خوێنی هەڵه‌بجە و ئەنفال لە ئەستۆی ئێوەیە، چونکە لەگەڵ وڵاتێکی بیانی پیلانتان لە دژی عێراقی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری گێڕابوو، خۆئەگەر خەباتی ئێمە بۆ عێراقی یەکگرتووبایە هیچ کاتێک گەلی کورد بەرئەو شاڵاوە دڕندانەیە نەدەکەوت و کوردستانیش خراب نەدەبوو، بۆیە پێویست دەکات ئەو هێزانە داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکەن و خۆشیان لە خوێنی ئەو شەهیدانە بەری بکەن، رەنگە هەندێک لایەن بڵێن ئێمە لەو سەردەمەدا نەبوین ؟ بەڵام زۆربەی کاراکتەرەکانیان لەو سەردەمەدا بوون.