خەڵكی دیاربەكر بە گوڵ پێشوازی لە گەشتیارانی ھەولێر دەكەن

"ھێرشی خەڵكی ترابزۆن بۆ سەر گەشتیارانی كورد قبوڵ ناكرێت"
kurdistan24.net

K24 - دیاربەكر

دوای ئەوەی لە شاری ترابزۆنی توركیا ھێرشكرایە سەر ژمارەیەك لە گەشتیارانی كورد، لە بەرامبەر ئەوەدا بەشێكی خەڵكی دیاربەكر بە پاڵپشتی ژووری پیشەسازی و بازرگانی و كۆمەڵەی كارسازان و رێكخراوە گەشتیارییەكانی دیاربەكر، لە فڕۆكەخانە و دەروازەكانی شارەكە بە گوڵ پێشوازی لە گەشتیارانی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

محەمەد كایا، سەرۆكی ژووری پیشەسازیی و بازرگانی دیاربەكر بە كوردستان24ی راگەیاند: "خاك و ئاڵای ھەموو كەس پیرۆزە و نابێ بێڕێزی پێبكرێت، ھێرشی ترابزۆن بۆسەر گەشتیارانی كورد قبوڵ ناكرێت، لەبەرامبەر ئەو كردەوەیە، وەك رێزگرتن، بڕیارماندا بە گوڵ پێشوازی لە گەشتیار و میوانەكانی ھەولێر بكەین".

یەكێك لە گەشتیارەكان كە لە ھەولێرە چووەتە دیاربەكر بە كوردستان24ی گوت: "سوپاسی خەڵكی دیاربەكر دەكەین، كە بە گوڵ پێشوازیان لێكردین، ئەمە خۆی وەڵامێكە بۆ خەڵكی ترابزۆن. كورد لە ھەر چوار پارچەی كوردستان دەرگای كراوەیە بۆ ھەموو خەڵكێك لە ھەر ئایین و نەتەوەیەك بن".

لە 18/7/2019 ژمارەیەك ھاووڵاتی شاری ترابزۆنی توركیا ھێرشیان كردە سەر گەشتیارانی كورد لەو شارە كە ویستیویانە وێنە بە ئاڵای كوردستانەوە بگرن، ھاوكات 9 لەو گەشتیارانە دەستگیر كران، ئەمەش كاردانەوەی لێكەوتەوە، دواتر بە ھەوڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئازاد كران".

ھ.م