منداڵێك (راستییەكانی عەفرین) دەنووسێتەوە

كتێبێك لەبارەی عەفرین دەنووسێت
kurdistan24.net

- قامیشلۆ

منداڵێكی 14 ساڵەی خەڵكی عەفرین كتێبێك بەناونیشانی (راستییەكانی عەفرین) لەبارەی عەفرین دەنووسێت و كتێبەكە باس لە سێ قۆناغی عەفرین دەكات و لە یەكێك لە پێشانگاكانی كتێب لە قامیشلۆ نمایش دەكرێت.

نووسەر لەو كتێبەدا دەیەوێت قۆناغەكانی پێش شەڕ، كاتی شەڕ، دوای شەڕ، كە توركیا عەفرینی داگیر كرد بە بەڵگە بكات.

خەلیل موسا، تەمەن 14 نووسەری كتێبی راستییەكانی عەفرین، بیركردنەوە و گوتەكانی لە تەمەنی خۆی گەورەترن، ئەو لەبارەی كتێبەكەی بە كوردستان24ی گوت: "لە كتێبەكەدا باسم لە سرووشتی عەفرین كردووە پێش روودانی شەڕ، كە تێیدا ئاماژەم بە دەوڵەمەندی و ژیان و مێژوویی عەفرین كردووە، ھەروەھا باسم لەوە كردووە لەكاتی شەڕ چۆن رۆژانە منداڵانی شارەكە دەكوژران".

خەلیل، بچووكترین نووسەری یەكێتی نووسەرانی عەفرین و بەشداربووی پێشانگای كتێبی قامیشلۆیە، ئەو ئێستا سەرقاڵی كتێبێكی دیكەی كورتە چیرۆكە و لە ئایندەیەكی نزیك چاپی دەكات. دەڵێت: "دەمەوێت ھەركەسێك ئەو كتێبە بخوێنێتەوە عەفرین و تێكۆشانی خەڵكەكەی بناسێت، چونكە عەفرین لای ئێمە دایكە".

ئەو نووسەرە، چیرۆكە تراژیدییەكانی عەفرین و گەمارۆدانی لەلایەن توركیا دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "58 رۆژ بە فڕۆكە و ھەموو جۆرە چەكێك ھێرشكرایە سەر عەفرین، ھیچ وڵات و كەسێك لەسەر ئەو زوڵمە نەھاتە دەنگ".

خەلیل، لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵ لە پۆلی 9ی بنەرەتی دەخوێنێت، لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆك كردووە.

ھ.م