ئەنجامە نادیارەکانی برێکسیت

Kurd24

کێشەی برێکسیت ماوەیەکە هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای سەرقاڵ کردووە.

(دێڤید کامیرۆن) کە لە ساڵی 2010 تاکو 2016 وەک سەرۆک وەزیرانی  بەریتانیا   دەست بەکار بوو،  ناوبراو رۆژانە  بیری لە ئەنجامی ئەو  ریفراندۆمە دەکردەوە کەخودی کامێرۆن لە 23 حوزیران 2016 ئەنجامیدا، بۆ بڕیاردان سەبارەت بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. ئەو ریفراندۆمە بووە مایەی دڵخۆشی ئەو پەرلەمانتارانەی، کە هەمیشە دژی یەکێتییەکە بوون.

هەر بۆ ئەم مەبەستە کامیرۆن لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی تایمز زۆر بە تێرو تەسەلی باسی لە برێکست کرد و رەخنەی توندیشی ئاراستەی  سەرۆک وەزیرانی ئیستای بەریتانیا (بۆریس چۆنسون) کرد. هەروەها لە دیمانەکەدا باسی  لەوە کرد، کە دووچاری رەخنەیەکی زور بووتەوە تەنها لە بەر ئەوەی رێگای دا لە ساڵی 2016 ریفراندوم ئەنجام بدرێ بۆ بەهێزکردنی پارتەکەی خۆیی کە پارتی پارێزگارانە.

هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەم دواییە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر مەسەلەی چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا، چونکە هەموو  سیاسییەکانی بەریتانیای  سەرقاڵ کرد بە داڕشتنەوەی سەرلە نوێ بۆ  کار و بەرنامەکانیان بە هیوای ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بتوانێ هێڵکارییەکی تازە بدات بە سستەمی سیاسی لە بەریتانیا، چونکە دوای ڕیفراندۆمەکەی پار ساڵی دابەشبونێکی تر دروست بووە، کە هەریەکە لە ئێرلەندا و سکۆتلەندا هاوڕا بوون لەگەڵ مانەوەیان لە یەکێتی ئەوروپا، کەچی  وێڵس  و ئینگڵاند  بە پێچەوانەی ئەوان هاوڕابوون لەگەڵ چوونە دەرەوەیان.

لەلایەکی دیکەوە  (تۆنی بلێر)ی سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا  پاڵپشتی لەبەرژەوەندی نیشتمانی دەکات. ناوبراو لە دیمانەیەکیدا لە گەڵ رۆژنامەی ئیتالی (کۆریێرێ دێلە سێرە) داوای لە پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کرد کە بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە پێش بەرژەوەندی پارتەکانیانەوە، چونکە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پرۆسەیەکی گرنگ و هەستیارەو پێویستی بەیەکگرتویی سیاسی هەیە.