له ده‌وروبه‌ری عه‌ین عیسا شه‌ڕی قورس روویدا
K24 - هه‌ولێر:
میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه له‌لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری شاره‌دێی عه‌ین عیسا له گونده‌واری ره‌ققه له باكووری سووریا، له‌و هێرشه‌دا سوپای توركیا پاڵپشتی میلیشیا چه‌كداره‌كانی كردووه و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به‌ره‌نگاری چه‌كداره‌كان بوونه‌ته‌وه و شه‌ڕێكی قورس روویداوه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌ی سووریی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، سوپای توركیا تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ی كردووه و شه‌ڕه‌كه‌ش له میحوه‌ری خێوه‌تگه‌ی عیسا بووه، زانیاریی سه‌لمێنراویش هه‌یه كه زیانی مرۆیی هه‌بووه.
روانگه‌ی سووریی رایگه‌یاندووه، هێزه‌كانی رژێمی سووریا له سه‌ره‌تای ھێرشی میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا له ناوچه‌كه كشاونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش رووداوێكی ئاساییه بۆ ئه‌و هێزانه، چونكه له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ھێرش بكرێت هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی سووریا پێگه و مۆڵگه‌كانی خۆیان له باكووری سووریا جێده‌هێڵن.
رۆژی 21/11/2019 روانگه‌ی سووریی ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، سوپای توركیا تۆپبارانی چڕی گوندی قزعه‌لی له رۆژئاوای شاره‌دێی گرێ سپی كردووه و هه‌وڵی پێشڕه‌وییان داوه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌یان ده‌ستنه‌كه‌وتووه ئایا زیانی مرۆیی هه‌بووه یان نا.