پیاوەتی بەتامی وەحشیگەری

Kurd24

(( بەبێ تۆ ناتوانم یەک رۆژ بژیم ... من و تۆ یان بۆیەکتر دەبین یان بۆ گڵ ! هەموو دنیا دەکەم بەقوربانى یەک هەناسەت! بەقوربانى ئەو دایک وباوکەبم کە تۆیان بۆمن هێنایە دنیاوە ... من ئەم ئەرزو ئاوو نیشتمانەم بۆیە خۆشدەوێت چونکە تۆى لەسەر ئەژیێیت! پێم بڵێ بمرە دەمرم پێم بڵێ بژى دەژیم ! )) پاش هەوڵێکى زۆرو بێ وچان پەنجەکانى دەگرێ و زۆر زەلیلانە نینۆکەکانى ماچ دەکات، دواجار خۆى دەکات بەقوربانى تەقەى پێڵاوەکانیشى !!

کەم کوڕى کورد هەیە هەموو ئەم قسانەو زیاتریشی بۆ کچێک و دووان و سیان نەکردبێت! کەم کوڕى گەنجى کورد هەیە لە سەردەمێکى ژیانیدا نەبووبێتە ( شاعیر!) و نەیشیعراندبێت بەسەر قەدو باڵاو جوانیى خاتوونێکدا . ئەگەر لە هۆنینەوەشدا سەرکەوتوو نەبووبین ئەوا زۆربەمان میعراندوومانە ! کەم کوڕى کورد هەیە ئەگەر بۆ یەکجاریش بێت لەتاو نائومێدی و عەشقى یارەکەى هەوڵێکى خۆکوشتنى نەدابێت، چ بەقووتدانى مشتێ حەبى ڤالیۆم و پاراسیتۆل یان بە هەڵکێشانى دەمانچەو هێنانەوەى میلى چەک !

کەم کوڕى عاشقى کورد هەن ، هەزار بیانوویان بەدایک وباوکى هەش بەسەریان نەگرتبێت و ژیانیان لێ تاڵ نەکردبن . کەمن ئەو کوڕە کوردانەی شەڕو ئاژاوەیان لەناو ماڵدا نەنابێتەوەو نەیانکردبن بەژێر قەرزوقۆڵەوە ، تا ناچاریان کردوون قیروسیا بکەن و لەوەختى ناوەخت و بەجێ و ڕێى نابەجێ، ژنیان بۆ هێناون !؟

تا ئێرەش هەر قەیناکە .... بەڵام  با دیمەنەکانى دوای شەش مانگ یان ساڵێکى پاش زەماوەندە مێژووییەکان ببینین و گوێ بۆ قسەکانى هەمان ئەو گەنجانە بگرین، بزانین چى بە هاوسەرەکانیان دەڵێن ؟

(( لەو رۆژەوە تۆم دیوە خێرم لەخۆم نەدیوە !  دەی خوا بۆخۆی بتباتەوە ... ئیتر بەسە... بۆڵەو خوتە خوت نەبڕایەوە ؟! خوا لەناوى دەمتدا ! . ئەو دایکە ناموبارەکەت ڕاست نەبوایەتەوە ! ئەگەر باوکت واو وا نەبوایە دایکیشت واو وا نەدەبوو ! شەرت بێت لەداخی تۆ سەرم هەڵگرم بۆ ئەوەى چاوم بەچاوت نەکەوێتەوە ! دەمت داخە گوێم لەدەنگت نەبێ .. هەى واو وا پێکراو ... )) لەگەرمەى ئەو قسە پڕ سوکایەتى و جوێن وقین هەڵرشتنەشدا، چەند جارێ ئەو ژنە داماوە بە پرچ رادەکێشرێ و زوو زوویش تفێک دەکرێتە ناو چاوى .. زلـلە و بۆکسیش لەبریى ماکیاج سەر گۆناى سوورو بەرچاوى شین دەکەنەوە ! جارجارێکیش کاکى ( کۆنە عاشقی گڕگرتوو !)  ئەژنۆی ئەو داماوە دەداتە بەر نووکە شەقی ئەوین و وەفاداری !

ئەو دیاردەى توندوتیژى و ناجوامێری نواندنە لەتەک ژناندا بەتەنیا بەشى گەنجانى عاشق نیە، بەڵکو بەشێکى زۆری پیاوانى سمێل بابڕو سمێل تاشراو، پیر وگەنج ، خوێندەوارو نەخوێندەوار .. سیاسى و کاسبکار .. شارىو دێهاتی ... لەکوردستان و لەهەندەران .... ئەمە ئاکارو رەفتاریانە. نەکەس لێیان دەپرسێتەوەو نەخۆشیان زەڕڕەیەک شەرم دایاندەگرێت ! لەهەموویشى سەیرتر ئەو پیاوە قسەزلانەن کە شەوو ڕۆژ کۆڕو سیمنارو ۆرکشۆپ لەبارەى مافەکانى ژنان و ئافرەتانەوە سازدەکەن و شەوانیش ئاژەل ئاسا دەچنەوە پاڵ هاوسەرەکانیان ، لەگەڵ یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەشدا ، هیچ بیرو بۆچونێکى جیاواز ، حەزو ئارەزوویەکى جیاواز، ڕازونازو گلەییەکیان لێ قبووڵ ناکەن ... تف و جوێن دان بەخۆیان و بەکەس و کاریان ، تا ڕادەى شەق وبۆکس هاویشتن، بۆ ئەوەى ( پیاوەتیى) خۆیان بنوێنن  !! 

پرسیارى بەندەو خەڵکانی تریش ئەمەیە : ئایا خێزانى کوردى و خوێندنگەى کوردى و پەروەردەو زانکۆى کوردى و مزگەوت و حیزب و ڕێکخراوو میدیاى کوردى .. هەرئەوەندەیان لێدەوەشێتەوە کە ئەم جۆرە ( پیاوانە !) بەرهەم بهێنن !؟

پێمەکەنە ئازیزم ... ئەوە گاڵتەو کۆمیدیا نیە ! ئەوە دیاردەیەکى یەکجار ترسناک و کوشندەیە. ئەومنداڵانەی ( لەو بەرەى جەنگەدا) لەدایک دەبن و پەروەردە دەبن و گەشەدەکەن ، دەبێ چاوەڕێى چییان لێ بکرێت و پاشەڕۆژ چییان لێ دەردەچێت !؟

 ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە لەبریى ئەم وەحشیگەرییە ، ژینگەیەکی ئارام و کلتوورى ژیاندۆستی و دڵفراوانى و ڕێزو ماف و ئەرکی یەکسان و دادپەروەری لەناخى منداڵکانماندا بچێنن بۆ ئەوەى ئەوان ببنە بەردى بناغە بۆ کۆمەڵگەیەکى کوردیى مەدەنی و سەردەمیانەی دروست و مرۆڤ دۆست و ژیان دۆست ؟

پێم وایە ئەگەر درەنگ نەبێ، ئیتر ئێستا کاتێتی !