بە رۆشنبیری دەستی پێکرد و بە سیاسی کۆتاییهات

Kurd24

عادل عبدولمەهدی یەک لەو سەرکردە سیاسیانەیە کە لە رێگەی رۆشنبیریەوە هاتۆتە ناو دونیای سیاسی، ئەو دوای تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ لە بەغدا، چۆتە پاریس و لەوێ بۆتە سەرنووسەری چەند گۆڤارێک بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی، هەروەها پەیمانگای دیراساتی فەرەنسی بۆ توێژینەوەی ئیسلامی بەڕێوە بردووە، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوە و وتار و چەند کتێبە لە بواری ئابووری و سیاسی و رۆشنبیریدا.

بەرلەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەرگرێت ئەو کەسێکی خۆشەویست بوو لە ناوخەڵک، سیاسیەکی سەنگینیش بوو، هەروەها بە حوکمی ئەو باگرەواندە رۆشنبیریەی کەسێکی بێ منەت دیاربوو بەرامبەر پلە و پۆست، بۆیە کاتێ پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت، بووە جێی ئومێدی هەموو عێراقییەکان بەتەواوی پێکهاتەکانییەوە، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک چیتر جێی ئومێد نەماو و وەک سیاسیەکی رووت خۆی دەرخست و پشتی لەو میراتە رۆشنبیریەی کرد، کە هەمیشە بەهۆیەوە وەک سیاسیەکی جیاواز لەوانیتر سەیر دەکرا، راستە ئەو هۆکاری ئەو نەهامەتیانە نییە، کە عیراقیەکان ئەمڕۆ بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەدەبوو لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا خەڵک بەهۆی خۆپیشاندانەوە بکوژرێن و ئەویش بینەری ئەو خوێنڕشتنە بێ، چونکە مرۆڤی رۆشنبیر حەزدەکات خۆی بکوژرێت، نەک کەسێک بەهۆی ئەوە بکوژرێت، چجای بگاتە ئەو رادەیەی رۆژانە دەیان کوژراو  و بریندار هەبوون، دوای هەموو ئەو کوشتارگەیەش بڵێی لەبەر داواکاری مەرجەعیەت دەست لەکاردەکێشمەوە، نەک داخوازیی خەڵک.

ئەوەی مێژوو و کەسایەتی عادل عەبدولمەهدی وێران کرد، خۆی بوو، چونکە نەیتوانی کار بەو رۆشنبیریەی بکات، کە کۆکراوە و ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی سیاسی و رۆشنبیری خۆی بوو، بۆیە دەبینین لەو رۆژهەڵاتەی خۆمان، نە رۆشنبیر، نە پیاوی ئایینی جێگەی متمانەی خەڵک نین، چونکە هەردووکیان تا ئەو کاتەی دەسەڵاتیان نییە، کورد گووتەنی پیاوی چاکن، یان روونتر بڵێم خۆیان لەبەرەی خەڵک دەبیننەوە و سەروبنی زمانیان رەخنەیە لە دەسەڵات، ئەمەشیان هەر بۆ ئەوەیە پۆستێک وەربگرن لەسەر پشتی ناڕەزایەکانی خەڵک، ئەگەرنا دەتوانم بڵێم ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی عێراق کەسێکی رۆشنبیر، بە مانا گرامشیەکەی بچێتە لووتکەی دەسەڵات، بەڵام هیچ سیاسیەکی تر دوای عێراقی نوێ، وەک عادل عەبدولمەهدی نەکەوتووە، چونکە ئەگەر دادگایی بکرێ بەپێی یاسا لەسێدارە دەدرێ و ئەم هەموو خوێنڕژانە لە ئەستۆی ئەوە، وەک کەسی یەکەم لە دەسەڵات.

ئەمەیە هۆکاری ئەوەی دەستەبژێر لە رۆژهەڵات نابێتە جێی متمانەی خەڵک. لە سووریا دوای خۆپیشاندانەکان و کوشتنی خەڵک و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، هێزی ئۆپۆزسیۆن دژی ستەمی رژێم دروست بوو، کەسێکی رۆشنبیر و بیرمەندی وەک بوڕهان غیلۆن کرایە سەرۆکی ئەو هێزە کە ناوێکی دیاری ناو دونیای فکر و رۆشنبیریە لە هەموو جیھان، کەچی ئەو پێش هەموو کەسێک دژی هەرمافێک بوو بۆ گەلی کورد لە سووریا، دواتر نەیتوانی سەرکردایەتی ئەو هێزە بکات و دەستی لە کار کێشایەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیاسیەکانی تر لەمانە باشترن بەهیچ شێوەیەک، بەڵام ئەو جۆرە کەسانەی کە خاوەن باگرەوەندی رۆشنبیرین و کاری سیاسیش دەکەن زۆرتریان لێ چاوەڕوان دەکرێ و خەڵک پێیوایە نابێ ئەمانە وەک سیاسیەکانی تر چاو لەدەسەڵات بن و بە گەیشتنیان بە دەسەڵات خەڵک لەبیر بکەن، بۆیە عادل عەبدولمەهدی بەو شێوە ناسرابوو کە هەرکات نەیتوانی وەک ئەو دەیەوێ ئەرکەکانی راپەڕینێ باکی بەکورسی نییە و بەجێی دێڵێت، چونکە پێشتر چەند جارێک لە پۆستی باڵا دەستی لە کار کێشابووەوە و ئەم جارەش هەرئەمەی لێ چاوەڕوان دەکرا، بەڵام نەیکرد، بۆیە وەک سیاسیەک کۆتاییهات.