پارێزگای ھەڵەبجە، بۆچی بەم شێوەیە؟

Kurd24

بۆ ئەوەی شارێکی باشت ھەبێت پێویستە پارێزگارێکی باش و بەدەسەڵات و خاوەن ڕوئیات ھەبێت، ئەمە فاکتێکی گرنگ و چەسپیوە، پارێزگاری باش ھەر بەتەنھا خەون بینین نییە بە دونیایەکی باشترەوە، دانیشتن نییە لە ژورە داخراوەکاندا، یان مەعریفەو ئەخلاقباشی نییە بە تەنھا، گرنگە دەسەڵاتێکی باش و کاریگەرو ئەنجومەنێکی راوێژکاریی یاسایی کاریگەریشت ھەبێت و بڕیاردەربێت لە ھەموو پرسێکی چارەنوسسازدا بە پرۆژەی بچوک و گەورە.

ھەڵەبجە بەو تەمەنە کەمەی ھەیەتی وەک پارێزگایەک ئەزمونی سێھەم پارێزگا تاقیدەکاتەوە "ئازاد تۆفیق" سێھەم ئەزموونە، بۆچی ئیشی لەبەر ناروات، پەیوەندی بەوەوە نیە کوڕی چاکە یان خراپ، فەلسەفی قسە دەکات یان رەشۆکی، ئەو ھیچی کەمتر نییە لە "فرسەت سۆفی"پارێزگاری ھەولێر، وەلێ فرسەت بڕیاردەرو بەدەسەڵاتەو ئازادیش بێ دەسەڵات و بێ بڕیار، ئەمەش بە دەرەجەی یەک سوڵتەی سیاسی ھەرێم لێی بەرپرسەو پێویستە پێمان بڵێن بەراست ھەڵەبجە لە زھنیەت و ئەجێندای ئێوە پارێزگایە یەن ھەر خواقەزاکەی جاران.

پارێزگاری ھەڵەبجە ئەوەندە یەخسیرو بێتوانایە بەدەست ئەم حیزب و ئەو حیزبەوە تائێستا نەتوانراوە ئەنجومەنێک و بانکێکی مەرکەزیی و دوو بەرێوەبەرایەتی ستراتیجی و گرنگی ھەبێت کە شار شانازی پێوە بکات و پێشی بخات و ناوی برواتە سەردێڕی ھەستانەوە، پارێزگایەک ھێشتا نەچوبێتە نێو نەخشەی سیاسی و کارگێڕیی لیستی پارێزگاکانی عێراق و تەنانەت ھەرێمی کوردستان، ھێشتا وەک پاشکۆی شاری سلێمانی وێنا بکرێت و مەرجەعەکەی مۆری نیزامولمولکی سەرای کۆنی سلێمانی و بابان و سەردەمی سەدری ئەعزەم بێت چاوەرێی چ پێشکەوتنێکی لێ دەکرێت، ئەمە بۆخۆی ئیرادەی ھەڵەبجەی شکاندوە، ئێوە وەرن سلێمانی لە یەخەی ھەڵەبجە بکەنەوە با ھیچ نەبێت لەسەر پێی خۆی بوەستێ ئینجا باسی شار بکەن.

 ئازاد تۆفیق، وەک پارێزگای نوێ دەبێ نەخشە رێگای نوێشی ھەبێت، پێویستە ئازایانەو ئازادانە یان بچێتە بەغداد یان ھەولێرو چیتر رێگە بەخۆی نەدات واژووی بێ دەسەڵاتی لەسەر سیپارەی بێ پرۆژە بکات لە ژورێکی داخراودا، چونکە دوچاری بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەبێتەوە لە داھاتوودا، ئەمەش بۆئەوەی ھەڵەبجە بخرێتە چوارچێوەی لیستی پەرەپێدانی پارێزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و ھیچ نەبێ وەک پارێزگایەکی نوێ و سیمبولیک و خاوەن گەورەترین تراژیدیاو زامی سەدە تەماشا بکرێت، نەک بۆ سپۆنسەری پێشانگایەک لە سلێمانیەوە بڕیاری لێ بدرێت، ئەگەرنا، دەبێت بچوک بچووک تەماشای شارە گەورەکان بکات، خودی دەسەڵاتیش وادروست دەبێ لەدەرەوەی جوگرافیا گشتیەکەی شارەوە دەسەڵات بۆ خۆت دروست بکەیت، بۆ وێنە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەسەڵات و شەرعیەتەکەی و بودجەکەی ھی بەغدادو ھەولێرە نەک سابونکەران و جادەی پیرەمێردو سەرای کۆن، ئەی ھەڵەبجە بۆ نییەتی، کوا بودجەکەی، کوا جادەوبانی، کوا نەفەق و خەستەخانەو بەرزەپردیی، کوا بریاری مەرکەزیی، ھەڵەبجە پێویستە بێتەدەرەوە لەو فەزا ئایدۆلۆژی و خێڵگەریی و میللیگەراییەی بۆی دروستکراوەو لەشەتەکیان داوە، دو رێگەی لەبەردەستە سێھەمی نییە، یان ھەڵبژاردنی بەغداد یان ھەولێرو واز لە سلێمانی بێنن تکایە، پارێزگای باش و کاریگەر کایەی گشتیی دروست دەکات بۆ فەراھەمکردنی فەزیلەت و خۆشگوزەرانی تاکەکانی، ھەڵەبجە دروشم و گریانی لێ دەربھێنەو شانزەی سێ و باخە ھەنارەکانی لێبکەرەوە ھیچی نامێنێتەوە، دەی ئەمە کەی پایەو مقەوماتی شارە، ھەڵەبجە فەزیلەتی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی نییە، قوڵایی و رەھەندی ستراتیجی و ژێرخانی ئابوریی و دەریچەی بازرگانیی نییە باچیتر خۆمان فریو نەدەین، ئیرادەی لەژێر پرسیاری فەزای ئیداری و ئورستۆکراتی و سوڵتەویی شاری سلێمانیدایە مەبەستم شارە بە سیاسیکراوەکەیە نەک شارە جوانەکەی سلێمانی ئازیز، ئیدارەی سلێمانیش بە ئارەزووی خۆی بچوکی دەکاتەوە تا ئاستی لێکردنەوەی دەشتی شارەزوریش لە جەستەکەی وەک چۆن شارۆچکە خۆشەویستەکانی دەربەندو سەیدسادق و پێنجوێنی لێدابڕی! شاری دروست بریتییە‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بڕیاری گرنگ، یەک لەو بڕیارانە ھێزی تەملیک و تاپۆکردن و وەبەرھێنان و پرۆژەی گەورەو كایه‌ی سیاسی و ئیداری و دیدی جیاوازە بۆ حوكمرانی کە پارێزگاو قائیمقامیەتی ھەڵەبجە بێبەشە لەم رێکارانە.