دواین بەیاننامەی سەرۆکی هەرێم

Kurd24

لە سەرەتای رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم لە رێگەی چەند بەیاننامەیەکیەوە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی بۆ رای گشتی ناوخۆ و عێراقی و جیهانی روونکردووه‌تەوە و ئاگاداری کردوونەتەوە ئەگەر مامەڵەیەکی عەقڵانی لەگەڵ ئەو کێشانەدا نەکەن، چاوەڕێی پێشهاتی مەترسیداری لێ دەکرێ.

ئەوە ئەمڕۆ ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشبینی کردبوون روویاندا، دوای ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەی لێدانی بارەگانی حەشدی شەعبی و دواتر گەمارۆدانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هاتوونەتە ئاراوە. ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم لە بەیانێکی زۆر روون و راشکاودا، هەڵوێستی هەرێمی لەم بارەیەوە ئاشکرا کرد و پێیڕاگەیاندن کە ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە و ئێمە لە هەرێم لەگەڵ ئەوەنیین هێرش بکرێتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا، هەروەها وەبیری هێناونەتەوە کە ئەمریکا دۆستی عیراقە و ئەو عیراقی لە دەستی دیکتاتۆریەت رزگارکرد و لە هێرشی داعشیشی پاراست. بۆیە لە بەرژەوەندی عێراق نییە، خاکەکەی ببێتە جێگای ململانێی هێزە دەرەکییەکان و هێرش بکرێتە سەر باڵوێزخانەی وڵاتێکی دۆستی وەک ئەمریکا، هەروەها پێی راگەیاندن لە کردەیەکی وەها ناعەقڵانیدا، بە ھیچ شێوەیەک هەرێم لەگەڵتان هاودەنگ نابێت و گوزارشتیش لە سیاسەتی هەرێم وەک بەشێک لە عیراق ناکات، بۆیە پێویستە دەست لەو کارە هەڵگرن و یاری بە ئاگر نەکەن. بەڵام وەک دیارە ئەوان گەیشتوونەتە خاڵێک لە پیادەکردنی سیاسەتێکی ناعەقڵانی،کە گەڕانەوەی بۆ دواوە ئەستەمە، ئەگەرنا هەرزوو بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەلحورە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێ، نێچیرڤان بارزانی ئامۆژگاری داونەتە حکومەتی عێراق کە ئاگاداربن کێشەکە لەوە گەورەترە کە ئێوە دەیبینن، ئەمە بە دامەزراندنی دە هەزار کەس چارەسەر نابێ، پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە، عێراق چیتر نابێتەوە عێراقی پێش خۆپیشاندانەکان، کەچی ئەوان هەر سوور بوون لەسەر دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان لە رێگای بە کارهێنانی تووندوتیژیەوە.

ئەمڕۆش هاتوون لە بڕی ئەوەی رێگاچارەیەکی عەقڵانی بدۆزنەوە بۆ کێشەکان، ئەگەر بواری دۆزینەوەی رێگا چارەیەک مابێت، دەستیان داوەتە سیناریۆیەک بەو هیوایەی لە مەترسی شەقام رزگاریان ببێ، شەڕێکی بەوەکالەت لە عیراق بەرپا بکەن، وەک کورد گوتەنی تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنن، بەڵام با دڵنیابن ئەم بژاردەیە زۆر لەوەی  تر، مەترسیدار تر دەبێت. عێراق لە دۆخێک دانییە بتوانێ بەرگەی ئەو شەڕە بە وەکالەتە بگرێ، وڵاتێکی بێ توانایە و خاوەن دامەزراوە نییە،  ئەوەی حوکم دەکات هێزی میلیشیاکانە، نەک دەزگا حکومییەکان.

 حکومەتی عێراق و ئەو هێزانەی تێیدا باڵادەستن، لەوە سەرکەوتن کە ئەمریکا راکێشنە ناو شەڕێکی بەوەکالەت، ئەمە داوا و داخوازی ئەوان بووە، بۆ ئەوەی ئاگری شەقامی هەڵچوو لە خۆیان دووربکەنەوە، هەر بۆیە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەمە چەندین جارە گێچەڵ بە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و لێیان دەدەن، تا کار گەیشتە ئەوەی لە سەربازگەیەکی گرنگی وەک کەی وەن لە کەرکووک بدەن و کەسێک بکوژن و چەند سەربازێکیش بریندار بکەن.

بەکورتی  نەوەستان تا دواجار ئەمەریکا وەڵامی دانەوە، ئەمریکاش هەڵەی کرد و کەوتە داوەکە، ئێستا ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن ئەمریکا لە عێراق وە دەرنێنن بە بیانووی پێشێلکردنی سەروەری عێراق، هەروەها خۆپیشاندانەکانیش لە رێگای بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە سەرکووت بکەن، بەڵام بە دڵنییایەوە، ئەم سیناریۆیەش سەرناکەوێت.