لە هەرێم بڕوایەکی جیاوازتر لە بارەی کۆڕۆناوە پەیدا بووە

Kurd24

لە نێو زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، خەریکە ئەو بڕوایەی پێیوایە ڤایرۆسی کۆڕۆنای ئێرە جیاواز و سووکترە لە وڵاتانی ديكە، دەبێتە بڕوایەکی سەرتاسەری، بەتایبەتی دوای لێدوانی پزیشکێکی كورد كە گوتبووی جیناتەکانی خەڵکی ئێمە جیاواز ترن، بۆیە خەڵکی هەرێم بە سووکی دەیگرێت. من پێموایە ئەگەر پزیشکە پسپۆرەکانی ئێمە زوو لەم مەسەلەیە نێنە دەنگ و ئەمە ببێتە قەناعەتی هەموو خەڵکی کوردستان، کارەسات دروست دەبێت، چونکە ئەم بڕوایە وادەکات، چیتر خەڵک کۆڕۆنا ڤایرۆس بە جددی وەرنەگرن و خۆیان نەپارێزن.

ئەو هۆکارەی وای کردووە خەڵک ئەو  بڕوایەی بۆ دروست ببێت، رێژی کەمی مردنی ئەو چەند تووشبووانەی هەرێمە، بەڵام ئەگەر بێت و  لێکۆڵینەوە بکەین لەو هۆکارانەی وای کردووە، کە بۆچی رێژی مردن لە نێو تووشبووانی کۆڕۆنا ڤایرۆس لە هەرێم کەمە؟ ئەو کاتە تێدەگەین ئەم بڕوایە هەڵەیە و کۆڕۆنای ئێرەش هەمان کۆڕۆنا ڤایرۆسی وڵاتانی ديكەیە و بەهەمان ئەندازە، مەترسی هەیە لەسەر خەڵک. هۆکارەکەشی ئەوەیە رێژەی تووشبووان لە هەرێم زۆر زۆر کەمە، بە بەراورد بە وڵاتانی ديكە، ئەمەش بەهۆی ئەو رێکارانەی حکومەت کە هەر زوو گرتنیەبەر بۆ رێگرتن له بڵاوبوونەوەی ڤایڕۆسەکە.

هۆکارێکی دیكە ئەوەیە تێکڕای ناوەندی تەمەن لە کوردستان 57 بۆ 60 ساڵە، ئەمەش بەراورد بە تەمەنی هاووڵاتییەکی وڵاتانی پێشکەوتوو 25 تا 30 ساڵ مڕۆڤی ئێمە کەمتر دەژی، ئەمەش وای کردووە رێژەی بەسەڵاچووان لە کومەڵگەی ئێمە زۆر كەمتر بێت لەگەڵ وڵاتانی دى، بۆیە رێژەی تووشبووانی هەرێم کەمترین بەساڵاچووانی تێدایە،  زۆرتر ئەو حاڵەتانەی هەن گەنجن، خۆشتان دەزانن گەنجەکان لە هەموو دنیا زۆر کەمتر دەمرن، بەرامبەر بە بەساڵاچووان و خاوەن نەخۆشییە درێژخایەنەکان. لە کوردستان دوو بەساڵاچوو لە نێو تووشبووانی هەرێم هەبوون، هەردووکیان مردن، بۆیە  خوانەخواستە ئەگەر رێژەی تووشبووان لە کوردستان 10 هەزار با و لەو 10 هەزارە نیوەیان زیاتر بەساڵاچوو بان، ئەوا ئێمەش ئەو کاتە رێژەی مردووانمان رۆژانە 100 کەس زیاتر دەبوو، ئەمەیە هۆکارەکانی کەمی مردن بەهۆی کۆڕۆنا ڤایرۆس لە هەرێمی کوردستان، نەک ئەو لێکدانەوە ساویلکانەی هەندێ لە پزیشکان و خەڵکی ئێمە پێیانوایە جیناتەکانی ئێمە جیاوازن و بەرگری لەشی مرۆڤی ئێمە بەهێز ترە، ئەگەر وایە بۆچی تەمەنی مرۆڤی ئێمە ئەوەندە کورتە بەرامبەر بە کەسێکی ديكەی وڵاتانی پێشکەوتوو؟ رۆژانە سەردانێکی فەیسبووک بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین  مردنی خەڵکێکی گەنج بەهۆی جەڵتەوە، چەندە لە کوردستان، جگە لە نەخۆشییەکانی ديكە، بۆیە تکایە با رێنماییەکان جێبەجێ بکەین و خۆمان بپارێزین،  باوڕ بەو لێکدانەوە ساویلکانەیە نەکەین.