قارەمانانی وڵات! سوپاسێکی بێ پایان!

Kurd24

قارەمانانی وڵات کەسانێکن ڕەنگە لەهەموو ژیانیاندا مایک و کامێرای تەلەڤزیۆنێکیان لەدووریی پەنجا مەترەوە نەدیتبێ!

قارەمانانی وڵات خەڵکانی زۆر سادە و بێ فیز و نەناسراون.. ڕەنگە نەزانن چوار ڕستە قسەی زل بەسەر یەکەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا ڕێکبخەن!

قارەمانانی وڵات خەڵکانێکن، ژیانیان پڕ ناسۆری نەبوونییە.. کەچی ئەمڕۆ هێندە بەخشندەن هەر دەڵێی هەموو سەروەتی دونیا وا لای ئەوانە.

قارەمانی ئەمڕۆی وڵات کەسێکە، لەژیانیدا ئەوەندە پارەی شک نەبردووە، لەگەڵ خێزانیدا دوو ژەم لەو خواردنە سەیر و سەمەرانە بخۆن، کە ناویان لە "مێنیوی ڕێستۆرانت و کافێکاندا" بە ئینگلیزی نوسراوە.

قارەمانی ئەمڕۆی وڵات مرۆڤێکە، ڕەنگە، مانگێ لەمەوپێش لەسەر ڕێگا دەستی لە ئۆتۆمبێلی هەریەکێکمان ڕاگرتبێ، بۆی نەوەستابین و لەو بەر بارانە جێمان هێشتبێ.

قارەمانی ئەمڕۆی وڵات، کرێچییە و نوقمی قەرزە.. هەموو سەرە مانگانێک بە هەزار پاڕانەوە خاوەن ماڵەکەی، دوکانداری گەڕەک و خاوەنی موەلیدە شڕەکە، ڕازی دەکات هەفتەیەکی تریش لەسەری ڕاوەستن تا مووچەکەی وەردەگرێت!

قارەمانانی وڵات لەو کەسانەن.. فرەن.. زۆرن.. هەمەجۆرن.. پزیشکی گەنجی تازەدەرچوون.. شوفێری ئەمبوڵانسن.. یاریدەدەری پزیشک وبرینپێچی ئێشکگرن.. پەرستاری فریشتەئاسان.. خزمەتگوزارە ڕدێن سپی و باجییە بەساڵاچووەکانن..

قارەمانی ئەمڕۆی وڵات، پێشمەرگەیەکی ماندووە، زێرەڤانێکی بەژن زراڤە.. بیری لای منداڵە بێ نازەکەیەتی و دڵیشی لای نیشتمان، ئەو پۆلیسە گەنجەیە، تاقانەی دایك و باوکێکی بەساڵاچووە و دوو شەو و رۆژە لە ئەرکدایە و پێڕاناگات دوو نانی گەرمیان بۆ ببات.. ئەو ئاسایشە خەمبارەیە، کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ، زەماوەند و مانگی هەنگوینیان لێ تاڵکرد، کەچی بە زمانێکی شیرینتر لە شەکراوی مارەبڕینەکەی، تکا لەسەرپێچیکاران دەکات بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ئاپۆرا دروستنەکەن.

قارەمانانی وڵات گشت ئەوانەن شەو و ڕۆژێکە لەژێر لێزمەی باراندان و بۆ یەک سات چاویان نەچۆتە خەو.

قارەمانانی وڵات، بۆ بەرگری لە ژیانمان وان لەسەر شەقامە چۆڵەکان.. وان لەقاوشی نەخۆشخانە و کەرەنتینەکان، سنگی خۆیان داوەتە بەر تیری دوژمنێکی نەبینراو و بێویژدان .

قارەمانانی وڵات.. زۆربڵێی تێروتەسەل و فسفس پاڵەوانەکانی مەیدانەکانی فەیسبووك نین!

گیان فیدایانی وڵات، ئەوەندە لەخۆبوردوون، پێڕاناگەن تەنانەت ئەم وتاری سوپاسگوزارییەش بخوێننەوە!