پشتیوان سادق: داخرانی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان پرسێكی ته‌ندروستییه نه‌ك سیاسی
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیرانی ته‌ندرووستی و ئه‌وقاف و سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسێكی میدیاییدا رایانگه‌یاند، مزگه‌وته‌كان به داخراوی ده‌مێننه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی پێویست بكات. هاوكات، پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی رایگه‌یاند، داخرانی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان پرسێكی ته‌ندرووستییه، نه‌ك سیاسی.
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی، سامان به‌رزنجی رایگه‌یاند، هێشتا ناتوانین بڵێین ره‌وشه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه، چونكه رۆژانه حاڵه‌تی نوێ له عێراق و ئێران و وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان تۆمار ده‌كرێن.
كۆنفرانسه میدیاییه‌كه دوای ئه‌وه هات، كه ئه‌مڕۆ یه‌كێتی زانایان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ئه‌وقاف كۆبوونه‌وه.
له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه، مه‌لا عه‌بدوڵڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی گوتی: هه‌موومان خوازیار بووین ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بۆ ره‌مه‌زان بكرێنه‌وه.
گوتیشی: مامۆستایانی ئاینی و مزگه‌وت رۆڵ و پێگه‌یه‌كی دیار و به‌رچاویان هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا.
هه‌روه‌ها گوتی: توانراوه تا راده‌یه‌ك كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكرێت، مامۆستایانی ئاینی پێش هه‌موو كه‌س پابه‌ند بوون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان، ئه‌م رێككارانه‌ی گیراونه‌ته به‌ر، رێكاری كاتیین و داخستنی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان به‌رده‌وام نابێت.
مه‌لا عه‌بدوڵڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ره‌تیكرده‌وه، بڕیاری داخستنی مزگه‌وته‌كان بۆ لێدان له شكۆی مامۆستا و مزگه‌وت بێت و گوتی: مزگه‌وت پێگه‌ی خۆی هه‌یه و داخستنی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بۆ لێدان له شكۆی مزگه‌وت و مامۆستایانی ئاینی نییه و ئێستا مه‌ترسی كۆرۆنا هێشتا ماوه و ئه‌گه‌ر بارودۆخ باشتر بێت، ره‌نگه بتوانین له به‌شێكی ره‌مه‌زاندا ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بكه‌ینه‌وه. چونكه حكومه‌تی هه‌رێم هیچ كاتێك دژایه‌تی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كانی نه‌كردووه.
دواتر، مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی گوتی: له كورده‌واریدا په‌ندێك هه‌یه ده‌ڵێت نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب، ئێمه‌ی زانایان زانیاریمان له باره‌ی ڤایرۆس و په‌تا نییه و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی باشتر ده‌زانێت و ئێمه به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بووینه له‌گه‌ڵیان و ئێستاش ده‌ڵێین: ئه‌گه‌ر مه‌ترسی كۆرۆنا نه‌ماوه، ئۆباڵێكی گه‌وره‌یه كه ده‌رگای ئه‌و هه‌موو مزگه‌وته دابخرێت، ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كه ماویشه، ئه‌وه پاداشت و چاكه‌یه‌كی گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه، كه رێگرن له تووشبوونی هاووڵاتیان به‌و په‌تایه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه میدیاییه‌كه‌دا، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پشتیوان سادق قسه‌ی كرد و له ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا گوتی: له هه‌ندێك شوێن گوێم لێ بوو، كه ته‌علیق ده‌درێت و ده‌وترێت داخستنی مزگه‌وته‌كان سیاسییه، ده‌مه‌وێت بڵێم هیچ ره‌وایه‌تی و مهعقوڵیهتی تێدا نییه ئه‌و قسه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و سیاسی بێت، ئه‌ی داخستنی ده‌رگای قوتابخانه و فه‌رمانگه‌كان چییه.
پشتیوان سادق گوتیشی: داخستنی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان به هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندی به ئاین و سیاسه‌ت و ئیداره‌وه نییه و پرسێكی ته‌واو ته‌ندرووستییه.
هه‌روه‌ها گوتی: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رای وایه مه‌ترسی به‌ریه‌ك كه‌وتن له مزگه‌وت زیاتره و هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن بۆ بازاڕ كراوه‌ته‌وه با مزگه‌وتیش بكرێته‌وه، بازاڕ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌وه و حكومه‌ت تووشی ره‌وشێكی ئابووری بووه و كاره‌ساتێكی ئابووری له جیهان له ئارادایه و نه‌توانراوه مووچه وه‌ك پێویست بدرێت، ده‌بێت بوارێكی بچووك بدرێته خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژێت و كاری خۆی بكات.
وه‌زیری ئه‌وقاف ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌گه‌ر مه‌ترسی نه‌مێنێی "ره‌نگه له سه‌ره‌تای ره‌مه‌زان" ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بكرێته‌وه. به‌ڵام ئێمه پێمان خۆش نییه له مزگه‌وته‌كانی ئێمه و ماڵه‌كانی خودا كه‌س تووشی نه‌خۆشی بێت.
له باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نوێژی به كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن، پشتیوان سادق گوتی: ئێمه له كارمه‌ندانی خۆمان (مامۆستایانی ئاینی) و مزگه‌وته‌كان به‌رپرسین و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه ئێمه به‌رپرسیار نین و په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه.