ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی کۆدەبێتەوە

"ئەگەر قەرز نەکات، ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی دابین بکات"

K24 - بەغدا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کۆدەبێتەوە.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەن کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-6-2020) بەشداربن، کە تایبەتکراوە، بە ده‌نگدان به‌ پرۆژه‌ یاسای وه‌رگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

بڕیارە کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی گەورەی پەرلەمان بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بەڕێوەبچێت، رێگەش بە میدیاکاران نادرێت، رووماڵی کۆبوونەوەکە بکەن.

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تائێستا ژماره‌یه‌ك پەرلەمانتار و زیاتر لە ٥٠ فەرمانبەر و پاسه‌وانی ئەنجوومەنی نوێنەران تووشی کۆرۆنا بوون.

داواکردنی قەرزی ناوخۆی و دەرەکی، ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەگەرچی بەغدا تائێستا مووچەی فەرمانبەرانی بەتەواوی داوە، بەڵام ماوەیەکە بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵێن وڵات توانای دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی نەماوە.

لەگەڵ جێبەجێکردنی بریاری وڵاتانی ئۆپێک بۆ خستنەبازاڕی بڕێکی کەمتری نەوت تاوەکو نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، عێراق پابەندکرا بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی هەبووە.

عەلی فەریجی، شارەزای ئابووری لە زانکۆی بەغدا لە لێدوانیکدا بۆ ماڵپەڕی عەرەبی جەدید دەڵی "ئێستا داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت مانگانە دەگاتە 1.4 بۆ 1.8 ملیار دۆلار، رەنگە ئەو داهاتەش لە کۆتایی ئەمساڵدا بەرز یان نزم ببێتەوە".

ئەو شارەزایە هەروەها باسی لەوە کردووە نەوت، کە تاکە سەرچاوەی داهاتی عێراقە "بە دوو کەیسەوە بەندە، یەکەمیان کەمکردنەوەی هەناردەکردنە بە بڕی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل، و دووەمیشیان کەمبوونەوەی نرخەکەی کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رەنگە بەرمیلی بە 30 دۆلار بێت، بەمەش عێراق ناتوانێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی دابینبکات، چونکە بەڕێژەی 94% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت".

سەرچاوەکان لە نێو حکومەت و پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکەن پێویستە عێراق پەیکەری خەرجییەکانی دابڕێژێتەوە و، چیدیکە موڵکی گشتی بەفیڕۆ نەدات لە دابینکردنی زیاتر لە مووچەیەک، کە ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار و، پێویستیشە سەرچاوەکانی داهاتی زیاتر بکات لە کەرتەکانی گەشتوگوزار، کشتووکاڵ و پیشەسازی.

 

 

هـ.ر.