10 گەورەترین سندوقی سەروەری سەرمایەی جیھان كۆنترۆڵ دەكەن

سندوقی سامانی سەروەری نەرویجی لە پێشی ھەموو وڵاتانی دیكەوە دێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

10 گەورەترین سندوقی سەروەری لە جیھان توانیویانە 69%ـی سەرمایەی جیھان كۆنترۆڵ بكەن، بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی پەیمانگای سندوقەكانی سامانی سەروەری لە جیھان،  سندوقی سامانی سەروەری نەرویجی  لە پێشی ھەموو وڵاتانی دیكەوە دێت، بە سەرمایەكەك دەگاتە زیاتر لە ترلیۆنێك  دۆلار و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش ئیمارات لە پلەی یەكەمدایە  دەگاتە 579 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.

پەیمانگای سندوقەكانی سامانی سەروەری نوێترین راپۆرتی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەدەدات، بڕی ئەو سەرمایانەی لەلایەن سندوقەكانی سەروەری سەرتاسەری جیھانەوە بەڕێوەدەبردرێت، سنووری 8 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و 10 گەورەترین سندوق لە جیھاندا توانیویانە 69%ـی سەرمایەی جیھان  كۆنترۆڵ بكەن.

وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، سندوقی سەروەری نەرویج، کە ناوی سندوقی خانەنشینی حکومی نەرویجە، لە پێشی ھەموو وڵاتانی دیكەوە دێت سەرمایەکەی دەگاتە ترلیۆنێك و 180 ملیار دۆلار .دواتر دامەزراوەی وەبەرهێنانی چینی CIC  سەرمایەکەی دەگاتە 940 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار و ئەو سندوقە توانیویه‌تی لە 10 ساڵی رابردوودا داھاتەکەی بەرێژەی 6.07% زیاد بكات.

سەبارەت بە دەزگای ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان ADIA، وەك سێیەم گەورەترین سندوقی سەروەری لە سەر ئاستی جیھاندا ھاتووە و لە ناوچەی رۆژھەڵاتی نێوەڕاستیش لە پلەی یەكەمینە، سەرمایەکەی دەگاتە 579 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.

له‌ پلەی چوارەمی ئاستی جیھانی و دووەمی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، سندوقی دەستەی وەبەرھێنانی كوێتی بەدەستیھێناوە و قەبارەی سەرمایەکەی دەگاتە 533 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.

كۆی ئەو سەرمایەیەی لەلایەن سندوقی وەبەرھێنان بۆ دامەزراوەی دراو لە ھۆنگ كۆنگ بەڕێوەدەبردرێت نزیكەی 528 ملیار دۆلارە .

ھەروەھا كۆی سەرمایەی كۆمپانیای حكوومەتی سەنگاپوورا بۆ وەبەرھێنان GIC نزیكەی 440 ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، كۆی ئەو سەرمایەی لەلایەن كۆمپانیای وەبەرھێنانی ئاسایشی چین بەڕێوەدەبردرێت نزیكەی 417  ملیار و 800 ملیۆن دۆلارە.

سندوقی تەماسیكی سەنگاپووری، كۆی سەرمایەکەی 375 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە. ھەروەھا سندوقی وەبەرھێنانی گشتی سعوودی PIF لە پلەی نۆیەمی سەر ئاستی جیھاندا ھاتووە و سێیەمی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و قەبارەی سندووقەکە گەیشتووەتە 360 ملیار دۆلار.

سندوقی (ئەنجومەنی نیشتمانی تایبەت بە سندوقی بیمەی كۆمەڵایەتی) لە چین، كۆی سەرمایەکەی كە بەڕێوەیدەبات نزیكەی 325 ملیار دۆلارە.

 بەگوێرەی دامەزراوەی فۆربیس، کۆی هەر دە سندوقە زەبەلاحەکەی جیهان قەبارەیان  5 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلارە.