ئامارێكی نوێی قوربانیانی ئێزدی لە سەر دەستی داعش بڵاوكرایه‌وه‌

ئەوانەی تاكو ئێستا لە ژێر دەستی داعش ماون 2880 كەسن

K24 - ھەولێر:

نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئامارێكی نوێی دەربارەی رزگاربووانی ئێزدییە رفێندراوەكانی دەستی داعش راگەیاند.

نووسینگەكە، كە بارەگاكەی لە دھۆكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی: وەك ئەنجامێكی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە لایەن داعشی تیرۆریستەوە لە رێكەوتی 3/8/2014 "ئەو تاوان و پێشێلكاریانەی دژ بە مرۆڤی ئێزدی كران بە ژمارە بە بەڵگەیان دەكەین". روونیكرده‌وه‌، ژمارەی ئاوارەكان 310.000 ھەزار كەس ئاوارەبوونە. ژمارەی شەھیدەكان لە رۆژانی یەكەمی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید 1293 كەس كوژراون.

ئاماژەیشیكرد، "ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی تا ئێستا لە شنگال دۆزراونەتەوە 83  گۆڕی بە كۆمەڵن، ئەمە جگە لە گۆڕە تاكەكان.

بەپێی بەیاننامەكە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەو تاوانە بێ دایك وباوك بوونە، 2745 منداڵن لەھەردوو رەگەز. ژمارەی ئەو مەزارگه‌ و شوێنه‌ ئاینیانه‌ی لە لایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە 68 مەزار و پەرستگانە. و ژمارەی ئەو كەسانەی كۆچیان بۆ دەرەوە وڵات كردووە نزیكەی زیاتر لە 100.000 كەس بوونە. ئاشكراشیكرد ژمارەی رفێندراوان 6417 كەس بوونە، لە رەگەزی مێ 3547 كەس و لە رەگەزی نێر 2869 كەس.

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: ژمارەی رزگاربووانی دەستی داعش لە ھەردوو رەگەز 3537 كەسن، 1201 ئافرەتن و 339 پیاون و ژمارەی منداڵانی رزگاربوو لە رەگەزی مێ 1043 منداڵن و لە رەگەزی نێر 954 منداڵ. ژمارەی ئەوانەی تاكو ئێستا لە ژێر دەستی داعش ماون 2880 كەسن، لە رەگەزی مێ 1304 كەس و لە رەگەزی نێریش 1578 كەس.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژەكراوە، ئەم ئامارە لای نەتەوەیەكگرتووەكان پشتی پێ ده‌بەسترێت و زیانە مادییەكان لە موڵك وماڵ، زەوی، سامانی ئاژەڵی و كشتوكاڵی، ئۆتۆمبێل، كارگە و شتەكانی دیكە لە خۆ ناگرێت.

لە كاتی داگیركردنی قەزای شەنگال لە ھاوینی 2014، رێكخراوی داعش نزیكەی 6 ھەزار مناڵ، ژن و كچی ئێزدی رفاندن، ھەروەھا ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی ئێزدی كوژران و دەستگیركران، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی سەدان ھەزار كەس لە ئێزدییەكان،و ماڵ وموڵكەكانیشیان داگیركران و بردران.