قەرزی گشتی ئەڵمانیا بەھۆی لێكەوتەكانی كۆرۆنا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو

K24 – ھەولێر:
قەرزی گشتی ئەڵمانیا بەھۆی لێكەوتەكانی كۆرۆنا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو.
ئەو قەیرانەی بەھۆی كۆرۆناوە دروستبووە ، بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی قەرزی حكومهتی ئەڵمانیا و ویلایەتەكان و بیمەی كۆمەڵایەتی لەلای بانك و كۆمپانیا تایبەتەكان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
نوسینگەی داتاكان لە ئەڵمانیا رایگەیاند، بەگوێرەی داتا سەرەتاییەكان، كۆی قەرزی گشتی ئەڵمانیا لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 2 ھەزار و 108 ملیار و 900 ملیۆن یۆرۆ كە بەرێژەی 11% زیادیكردووە، ئەوەش بە بەرزترین ئاست دادەنرێت لە 2010 ـەوە تاوەكو ئێستا، ھاوكات لە چارەكی دووەمی ئەمساڵیشدا قەرزی گشتی بەرێژەی 8% زیادیكردووە كە بەتێكڕا دەكاتە 153 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ.
داتاكان دەریدەخەن، ئەو زیادەیەی تۆماركراوە بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ئهوهی كە له بوودجەی گشتی بڕە پارەیەكی زۆر بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خهرج كراوه.
لە لایەكی دیكەوە، کۆمپانیای رۆیاڵ داتچ شێڵ پلانی داڕشتووە، تا نزیكیه 9 هەزار کارمەند لە کار دووربخاتەوە، واتە 10% هێزی کارەکەی لە سەرانسەری جیهان کەمبکاتەوە، هۆکارەکەشی داکەوتنی بەرچاوی خواستی جیهانییە لهسهر نەوت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
ئەو کۆمپانیایەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەداوە، پلانی دووبارەی پەیکەربەندیییەکەی نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکەیان دەگەڕێتەوە.
به گوێرهی پلانهكه لە ساڵی 2022ـەوە دورخستنهوهی كارمهندهكانی دەچێتە بوار جێبەجێکردنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای شێڵ 83 هەزار کارمەندی لەسەرانسەری جیهان هەیە.
ئەو هەنگاوەی کۆمپانیای رۆیاڵ داتچ شێڵ دوای ئەوە دێت پێنج مانگی رابردوو، دابەشکردنی نەختینەیی قازانجەکانی بۆ یەکەم جار لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە کەمکردەوە.