دەسەڵاتی دادوەری عێراق قسەكانی كازمی رەتدەكاتەوە: ھیچ دۆسییەكی كوشتنی خۆپیشاندەرانمان پێنەگەیشتووە

ئەو بابەتە تەنیا واتەواتە و ھیچی دیكە نییە

K24 – ھەولێر:

دەسەڵاتی دادوەری عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە رەتیكردەوە ھیچ دۆسییەكی بەدەست گەیشتبێت سەبارەت بەو كەسانەی لە كوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەران تێوەگلاون و باسكردنی ئەو بابەتە تەنھا واتەواتە و ھیچی دیكە نییە. ئەم قسانەش ھاودژن لەگەڵ لێدوانەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق، كە باسی لە پێشكەوتنی باش دەكرد لە لێكۆڵینەوەكاندا و بەڵینیدا بەم نزیكانە بكوژەكان ئاشكرا بكرێن.

دۆسییەی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران و رفاندنیان، یەكێكە لە دۆسییە ھەستیارەكانی عێراق، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی تێوەگلاون سەر بە حكومەتی دەستلەكاركێشاوەی عادل عەبدولمەھدی و گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و حزبە دەستڕۆیشتووەكانی ناو وڵاتن.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیاندراوێكدا روونیكردەوە، "ئەو واتەواتەی  باس لەوە دەكات، كەوا ئێمە دۆسێیەكمان وەرگرتووە سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانی كوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەرانی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو لە حكومەتی عادل عەبدولمەھدیدا، بە ھیچ شێوەیەك راست نیە.

ئەم راگەیاندراوەی دەسەڵاتی دادوەری دوای چەندین لێدوانی سەرۆكی حكومەتی عێراق، مستەفا كازمی دێت، كە دوایینیان دوێنێ بوو لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە جەختیكردەوە، "بكوژانی شاره‌زای سیاسی ھشام ھاشمی دەدۆزینەوە و ھێشتا لە ڵێكۆڵینەوەداین و گەیشتووینەتە چەند سەرەداوێك و چاوڕێی كاتی گونجاوین بۆ راگەیاندنی ئەو ئەنجامانە" جەختیشیكردبووە، كەوا" لێكۆڵینەوەكان تەنھا بە بكوژانی ھاشمییەوە بەند نییە، بەڵكو گشت چالاكوانانی كوژراو و رفێندراو دەگرێتەوە و بكوژان بە سزای خۆیان دەگەینین ئەگەر كاتیش بخایەنێ".