توركیا قوبرس و یۆنان ھەراسان دەكاتەوە

يۆنان داوا لە توركیا دەكات لە كردنەوە كەناراوێك لە باكووری قوبرس پاشگەز بێتەوە

K24 – ھەولێر:

حكومەتی یۆنان داوای لە توركیای كرد لە كردنەوەی كۆمەڵگه‌ی كەناراوی چۆڵكراو لە باكووری قوبرس پاشگەزبێتەوە، ھۆشداریشدا لەوەی ئەسینا و نیقۆسیا ئامادەن ھەفتەی داھاتوو ئەم پرسە ببەنە پێش كۆبوونەوەی سەركردەكانی یەكێتی ئەورووپا.

گوتەبێژی حكومەتی یۆنانی، ستیلیۆس بێتساس، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، كردنەوەی ناوچەیەكی چۆڵكراو بەڕووی خەڵكدا لە شارۆچكەی فاروشا ھاودژە لەگەڵ ئەو بڕیارەی ھەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی سەركردە ئەوروپاییەكانەوە دەرچووە.

بیتساس گوتی: "پێویستە لەسەر توركیا پاشگەز بێتەوە"، نەوەك یۆنان و قوبرس ئەم پرسە لە لوتكەی یەكێتی ئەوروپا لە رۆژانی 15 و 16 ئۆكتۆبەر دەخەنەڕوو.

میدیای توركیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكرده‌وه‌، دەسەڵاتدارانی باكووری قوبرس بەشێكیان لە كەناراوی كۆمەڵگەیەكی چۆڵكراو كردەوە، كە  لەو كاتەی دوورگەكە دابەشكراوە لە ساڵی 1974 داخراوە. ئەم ھەنگاوە لە لایەن ئەنقەرەوە پشتیوانیی لێكرا، كە دان بەو بەڕێوبەرییە جوداخوازییەی باكووری قوبرس دەنێت، بەڵام قوبرسییە یۆنانییەكان سەركۆنەی ئەو ھەنگاوەیان كرد و نیگەرانییەكی نێودەوڵەتیشی لێكەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، دوێنی چوارشەممە، نیگەرانی خۆی راگەیاند لە بارەی پلانەكانی توركیا بۆ كردنەوەی بەشێك لە فاروشا و جەختیكردەوە، كەوا "قبوڵكراو نییە".

ئەم ھەنگاوە ئەو گرژیە زیاد دەكات، كە لە چەند مانگی رابردوو روویداوە لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا لە لایەك و قوبرس و یۆنان وەك دوو ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە لایەكی دیكەوە، لەسەر مافی ھەر یەكێكیان لە سەرچاوەكانی وزە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

سەرچاوە: "رۆيترز"