مهاباد قه‌ره‌داغیی له‌به‌رده‌م کولتوورێکی ناشیریندا
ڕۆحت شاد خاتوو مهاباد قه‌ره‌داغیی، زۆر زوو ئه‌م جیهانه‌ت به‌جێهێشت، هێشتا زۆر قسه مابوو بیکه‌یت، هێشتا دڵت کۆمه‌ڵێک هه‌ستی تری تێدا بوو، که ده‌رت نه‌بڕیبوو، لێ هه‌موو ئه‌مانه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا برد. من دڵنیام له ژیانی ئاینده‌تدا هه‌موو ئه‌مانه له‌گه‌ڵ خۆتدا دێنیته‌وه. له ژیانی ئاینده‌تدا دیسانه‌وه وه‌ک گه‌نجێکی جیاواز ده‌رده‌که‌ویت. چونکه مرۆڤی گه‌وره به پلانه‌وه ده‌مرێت و بیر له ئاینده‌ی ده‌کاته‌وه، مردنیش سه‌ره‌تایه‌که بۆ ئاینده‌یه‌کی تر.
ده‌مه‌وێت له ڕێگای ئه‌م تێکسته‌وه ماڵئاواییت لێبکه‌م، ده‌مه‌وێت له ڕێگای ئه‌م تێکسته‌وه له‌بری به‌شێک له هاووڵاتییانی کورد داوای لێبووردنت لێبکه‌م، به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناهه‌قییه‌ی، که به‌رانبه‌رت ده‌کرا و ئێستاش له مه‌رگتدا ده‌کرێ. به‌داخه‌وه میدیاکانی سلێمانیی له مه‌رگیشتدا باوه‌شێکی گه‌رمیان بۆ نه‌کردیته‌وه، له مه‌رگیشتدا وه‌ک تاکێکی به‌ره‌ی دوژمن ته‌ماشایانکردیت، هه‌ربۆیه له ته‌واوی لاپه‌ڕه ئێلێکترۆنییه‌کانیاندا وه‌ک ئه‌ندامێکی پارتی دیموکرات هه‌واڵی مه‌رگتیان بڵاوکرده‌وه نه‌ک وه‌ک نووسه‌رێک. هه‌ربۆیه نووسیبوویان، ئه‌ندامێکی ده‌سته‌ی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌کانی پارتی کۆچی دواییکرد. ڕاوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێم کۆچی دواییکرد ..هتد. ئه‌مه به‌ده‌ر له‌و هێرشه ناشیرینه‌ی سووپا فیرتوێله‌کانی سۆسیال میدیا له مه‌رگتدا کردیانه سه‌رت. سووپایه‌ک که خه‌رجی مانگانه‌ی به‌قه‌د خه‌رجی فه‌رمانگه‌یه‌که، نه‌خۆشخانه‌یه‌که ...هتد.
مهاباد قه‌ره‌داغیی له‌به‌رده‌م کولتوورێکی ناشیریندا له چه‌ند ساڵی ڕابوورددا به‌رگه‌ی گرت و به‌پێوه مایه‌وه، به‌و هیوایه‌ی ڕۆژێک دابێت، که هاووڵاتییانی کورد به خۆیاندا بچنه‌وه و ده‌ستبه‌ردای ئه‌م کولتووری شکاندن و هێرشه ناشیرینانه ببن، که به‌شێوه‌ی مۆب به‌ره‌وڕووی تاکی ده‌که‌نه‌وه. لێبه‌لێ به‌وپه‌ڕی مه‌خابوونه‌وه له مه‌رگیشیدا ترووسکایی ئه‌و هیوایه‌ی به‌رنه‌که‌وت. چ شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌م کولتووره ڕه‌شه. من شه‌رم له خۆم ده‌که‌م، کاتێک ده‌بینم ئه‌م کولتووره ڕه‌شه هی کورده. چیبکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری ئه‌م کولتووره ڕه‌شه ببینه‌وه، که ده‌یانجار زیاتر له کۆرۆنا مه‌ترسییدارتره بۆ سه‌ر تاک و کۆی کورد؟
دوا وته‌م بۆ تۆ خاتوونی ئازیز، سووپاس بۆ ئه‌وه‌ی، که تۆ کورد بوویت، سووپاس بۆ ئه‌وه‌ی، که تۆ هه‌موو ته‌واوی ژیانت له خزمه‌تی کورددا خه‌رجکرد. به‌و ئومێدی ئه‌وه‌ی کچه شیرینه‌که‌ت و که‌سوکارت به زووتریین کات سه‌بوورییان بێت. من دڵنیام خه‌ڵکانی زێڕناس هه‌رگیز نرخی تۆ له‌یاد ناکه‌ن.