پارێزگاری هاتای: ئەندامێکی پەکەکە خۆی تەقاندەوە

"هێرشی ئاسمانییان کرایەسەر لە ناوچەی ئیسکەندەروون"

K24 - هەولێر

پارێزگاری هاتای رایگەیاند تەقینەوەکەی شەوی رابردوو لە تورکیا، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بووە بۆ سەر "دوو گومانلێکراوی پەکەکە، کە دواتر یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە".

درەنگانی شەوی رابردوو (دووشەممە، 27-10-2020) ته‌قینه‌وه‌یەك له ‌ناوچه‌ی ئیسكه‌نده‌روونی شاری هاتای لە تورکیا روویدا، لە ئەنجامدا چەند هاووڵاتییەک برینداربوون، کە برینیان سووکە.

رەحمی دۆغان، پارێزگاری هاتای لەدوای تەقینەوەکەی چووە ناوچەکە و رایگەیاند "ئیدی پەکەکە لەمڕۆوە بەتەواوی لە چیای ئامانۆس نەما، کە پێشتر بە بەردەوامی 150 بۆ 200 ئەندامی پەکەکەی لێ بوو".

رەحمی دۆغان، بە رۆژنامەنووسانی گوت "ئەمڕۆ یەکەکانی هەواڵگریمان شوێنی دوو تیرۆریستی (پەکەکەیان) دۆزییەوە و کاتژمێر 11:00 لەلایەن هێزەکانی ئاسمانیی سەر بە هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا هێرشیان کرایە سەر''.

پارێزگاری هاتای بەمشێوەیە روونکردنەوەی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە و هێرشەکەیان دەدات و دەڵێ "ئەمڕۆ، ئەو دوو تیرۆریستە کە هاتوونەتە خوار بۆ ئیسکەندەروون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە ئۆپەراسیۆن کرایە سەریان و هەڵاتن. لە یەکەم قۆناغدا لە خاڵی پشکنینی پایاس رووبەڕووبوونەوەیەکی کورت روویدا، دواتر هێزە ئەمنییەکان کەوتنە دوایان و یەکێک لە تیرۆریستەکان لە چالاکی خرا و، لەو کاتەدا خۆی تەقاندەووە. دواتر دووەم تیرۆرست لە چالاکی خرا".

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تائێستا هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.

هـ.ر.