بۆچیی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه شکستدێنن به‌رانبه‌ر به ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات؟

Kurd24

ئاخۆ ئێمه وه‌ک مرۆڤ هه‌موومان وه‌ک یه‌کین؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره زۆر له‌وه قورستره وه‌ک له‌وه‌ی بیری لێده‌که‌ینه‌وه. له ڕووی پێکهاته ئه‌ناتۆمییه‌کانه‌وه هه‌موومان وه‌ک یه‌کین، لێ وه‌ک بوون هه‌رگیز وه‌ک یه‌ک نین. ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر سروشتی مرۆڤ بکه‌ین و له‌وه بێینه ده‌ره‌وه، که ڕووکه‌شانه مرۆڤ چییه و ژیانی ڕۆژانه‌ی چلۆن به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌وا ده‌گه‌ین به‌و ڕاستییه‌ی، که هه‌ر ده‌ڤه‌ره و خاوه‌نی سروشتێکه، هه‌ر کیشوه‌ره و خاوه‌نی سروشتێکه، هه‌ر نه‌ته‌وه و خاوه‌نی سروشتێکه، هه‌ر کۆیه‌ک و خاوه‌نی سروشتێکه و هه‌ر تاکێکیش خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. فرۆید پێیوایه، که مرۆڤ له سروشته‌وه بوونه‌وه‌رێکی خراپه. ئارگوومێنتی فرۆید پشت به په‌روه‌رده و کولتوور ده‌به‌ستێت، که تاک له ڕێگایانه‌وه ده‌یانکات به به‌شێک له سروشتی خۆی. له ماڵه‌وه ڕه‌فتار و کلتووری خێزان، له ده‌ره‌وه ڕه‌فتار و کولتووری گه‌ڕه‌ک، قووتابخانه، شار، وڵات و نه‌ته‌وه. به‌مشێوه‌یه تاکی وڵاتێک، خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی، تاکی شارێک خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی، تاکێکی شاریش خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی و تاکی خێزانێکیش خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. هه‌موو ئه‌مانه بناغه‌ی ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری خۆیان له سه‌ره‌تای گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵیی خۆیاندا لێده‌ده‌ن. کورت و پووخت هه‌ر کیشوه‌ره و خاوه‌نی سروشتێکی خۆیه‌تی، جیهانی سێهه‌م و ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات هه‌مانشێوه خاوه‌نی سروشتێکی تایبه‌تی خۆیانن.

هه‌ندێک کیشوه‌ر وێڕای جیاوازیی سروشتیان، له ڕێگای هه‌ستکردن به یه‌کترییه‌وه، له ڕێگای ئیمپاتییه‌وه بۆ یه‌كتریی له‌یه‌کتریی نزیکده‌بنه‌وه. هه‌ندێکی تر وێڕای هه‌وڵی لایه‌نێکیان، که‌چی هه‌تا بێت زیاتر له‌یه‌کتریی دوورده‌که‌ونه‌وه.  ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل نموونه‌یه‌کی دیاری ئه‌م دیارده‌یه‌ن.

وێڕای ئه‌وه‌ی سروشتی تاکه‌کانی کیشوه‌رێکی وه‌ک جیهانی سێ به گشتیی و ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات به‌تایبه‌تیی، خاوه‌نی ناوه‌خنێکی تایبه‌تن، که‌چی دواجار به‌شێکی گه‌وره‌یان له کۆیه‌کی گه‌وره‌دا کۆده‌بنه‌وه و ده‌بنه خاوه‌نی یه‌ک سروشت. ئه‌م سروشته تایبه‌ته، تایبه‌ت به جیهانی سێهه‌م و ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات. ئایین له‌م سروشته‌دا ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌بینێت و ترس بناغه‌ی گه‌وره و گرانی ئه‌م سروشته‌یه. ترس هۆکاری لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک گرفته، ڕه‌گی ترسیش هه‌میشه وه‌ها له‌ناو گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییدا، هه‌روه‌ک فرۆید به به‌شێک له سروشتی تاک پێناسی ده‌کات. ترسی هاوبه‌ش نه‌ک تاکه‌کان لێکنزیکده‌کاته‌وه بۆ دڵنه‌واییکردنی یه‌کتریی، به‌ڵکوو کۆکانیش له‌یه‌کتریی نزیکده‌کاته‌وه بۆ دڵنه‌واییکردنی یه‌کتریی. ترسی ئایینیی نموونه‌یه‌کی دیاری ئه‌م سروشته‌ن.

له‌کاتێکدا کیشوه‌رێکی تر خاوه‌نی سروشتێکی تره، سروشتێک که ترسیی ئایینیی بوونی یان نییه یان زۆر ده‌گمه‌‌نتره، ئه‌وا له هه‌وڵدانی نزیکبوونه‌وه‌یان له یه‌کتریی بێجگه له شکست و زیان هیچ شتێکی تر به‌رهه‌مناهێنن. هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپیی و ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتدا نموونه‌یه‌کی ئه‌م ڕاستییه‌ن.

وڵاتانی ئه‌وروپیی و ئه‌مه‌ریكا هاوشێوه‌ی ئێستای ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات، خاوه‌نی ترسی ئایینیی و ده‌سته‌ڵاتی دۆگمای ئایینیی بوون، لێ دواجار به قوربانییدانێکی گه‌وره له‌پێناوی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و مرۆڤایه‌تییدا گه‌یشتن به ئیمڕۆ. ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات هێشتا له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئه‌م تێکۆشانه نزیک نه‌بوونه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌ لێیان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاوه زۆر سه‌ختتره له‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی، ئه‌وان خۆیان بیری لێده‌که‌نه‌وه.

لێره‌دا به چه‌ند نموونه‌یه‌کی ساده و ساکار هه‌وڵی شیکارییه‌کی سانا بۆ ئه‌م سروشته ده‌ده‌م.  جیهان له ئێستادا خاوه‌نی حه‌وت کۆما حه‌فتاونۆ میلیارد مرۆڤه. مرۆڤی کیشوه‌ره‌کانی جیهان وێرای ئه‌وه‌ی هه‌موو خاوه‌نی یه‌ک پێکهاته‌ی فیزیکیی و ئه‌ناتۆمیین، لێ جیاوازن له‌یه‌کتریی له ڕووی که‌ڕاکته‌ر و سروشتیانه‌وه.

زۆرینه‌ی پشیله‌کان هه‌تا ڕاده‌ی دڵ ڕاوه‌ستان له ئاو ده‌ترسن. زانایانی به‌ریتانیی ترسی پشیله له ئاو ده‌به‌ستنه‌وه به سروشتیانه‌وه. به‌وپێیه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی پشیله‌کانی جیهان ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان و ناوچه وشکانییه‌کان، که پشیله‌کان تێیدا هه‌رگیز سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاویان تێدا نه‌بینیوه. هۆکارێکی تر، بریتییه له هه‌ڵکه‌وته‌ی پێست و تووکیان، که ئاسان ئاوی له‌سه‌ر ناڕوات و کاتی زۆر ده‌وێت بۆ وشکبوونه‌وه. هه‌ندێک پشیله‌ی تر، که ئاو ناسن و له سروشتێکدا له‌دایکبوون، که ئاوی زۆره، ئه‌وا له ئاو ناترسن و ته‌نانه‌ت مه‌له‌ش ده‌که‌ن. ئه‌م دوو جۆره پشیله‌یه هه‌ردووکیان له ڕووی ئه‌ناتۆمییه‌وه وه‌ک یه‌کن و پشیله‌ن، لێ به دوو سروشتی جیاواز. یه‌کیان به ترس و ئه‌وی تریان بێ ترس. ترس له ئاو پشیله‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک شترێس ده‌کات، که بتوانێت دڵی بوه‌ستێت. پشیله‌یه‌کی تریش خۆشیی له‌ ئاو ده‌بینێت و مه‌له‌ی تێدا ده‌کات. هه‌ندێک له ئایینه‌که‌یاندا وه‌ک پشیله‌یه‌کی بێ ترس مه‌له ده‌که‌ن و خۆشیی تێدا ده‌بینن. هه‌ندێکی تر لێوانلێون له ترس و له تۆقیندا ده‌ژیین.

هه‌روه‌کوو چلۆن، که پشیله‌یه‌ک له ئاو بترسێ، هه‌رگیز ناتوانیت ئاشنای بکه‌یت به ئاو، چونکه سروشتی وه‌هایه، ئاوهاش هه‌رگیز ناتوانیت مرۆڤه‌کانی جیهانی سێهه‌م به گشتیی و ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات به تایبه‌تیی نزیک بکه‌یته‌وه له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا، هه‌رگیز ناتوانیت فێریان بکه‌یت له سیستێمێکی دیموکراتیی و سێکولاردا بژیین، چونکه خاوه‌نی دوو سروشتی جیاوازن. هه‌ڵکه‌وته‌ی که‌ڕاکته‌ری تاک بڕیار له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک ده‌دات. ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که هه‌ندێک تاکی خۆرهه‌ڵاتیی له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكادا سانا بتوانن بژیین و ببن به به‌شێک له سیستێمێکی سێکولار و دیموکرات. هه‌ندێکی تریش دوای بیست و بۆ سیی ساڵ ژیان له ئه‌وروپادا هێشتا یه‌ک هه‌نگاو له دیموکراتییه‌ت و په‌سه‌ندکردنی ژیانێکی ئه‌وروپییانه نزیک نه‌بوونه‌ته‌وه و ئاماده‌ش نین نزیک ببنه‌وه. هه‌یه سیی دانه ساڵه ئیشی ڕه‌ش ده‌کات، یان له ژیانیدا ئیشی نه‌کردووه و به یارمه‌تیی کۆمون ده‌ژیی و له هه‌موو خۆپیشاندانێکدا دژ به ئه‌وروپا ئاماده‌یه. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ندامانی داعش ئه‌وروپا نشینن.

نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات، وه‌ک ئه‌و پیاوه وه‌هایه، که له‌دوای ژنهێنانی و دروستبوونی کێشه له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا، هه‌وڵده‌دات ژنه‌که‌ی بگۆڕێت، چه‌ند ساڵێک تێده‌په‌ڕێت و هیچ ڕوونادات، یان ئه‌وه‌تا جیا ده‌بنه‌وه یان تووندوتیژیی خێزانیی له‌نێوانیاندا دروستده‌بێت، یان ئه‌وه‌تا پیاوه‌که ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه ده‌بێت، که هه‌وڵی گۆڕانی ژنه‌که‌ی بدات و بڕیارده‌دات له‌گه‌ڵ کێشه‌کانیدا بژیی. ژنێکیش به‌رانبه‌ر پیاوێک به‌ هه‌مان شێوه. به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات، کاتێک کۆچ ده‌که‌ن بۆ ئه‌وروپا، له‌گه‌ڵ خۆیاندا سروشتی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات ده‌به‌ن، له‌وێ هه‌وڵده‌ده‌ن ناوه‌ڕاستێکی تری خۆرهه‌ڵات دروستبکه‌ن. ئه‌مه‌ش ڕه‌گی گه‌وره‌ی کێشه‌ی ئه‌وروپایه له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتییه‌کاندا. هه‌ربۆیه تووندڕه‌وتریین مسوڵمان، مسوڵمانه‌کانی ئه‌وروپان. ماوه‌ته‌وه بڵێم، که هه‌موو مسوڵمانێک تیرۆریست نییه، لێ له کاره‌ساتی )یانزده‌ی سێپتێمبه‌ری (2001ه‌وه هه‌تاوه‌کوو نوێتریین کاره‌ساته‌کانی فه‌ڕه‌نسا هه‌موو تیرۆریسته‌کان مسوڵمان بوون.