له مێرگه‌سۆر 65 گوند به هۆی په‌كه‌كه‌وه به چۆڵی ماونه‌ته‌وه
K24- ھەولێر:
قه‌زای مێرگه‌سۆر یه‌كێكە له‌و ناوچانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ باكووری كوردستان و توركیا، به‌هۆی بوونی بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه و هاتنی توركیا و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانی هه‌ردوولا، تا ئێستا 65 گوند له‌و سنووره، به‌چۆڵی ماونه‌ته‌وه و 20 هاووڵاتی سیڤیلیش شه‌هیدكراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار و كه‌مه‌ندام بوونه.
جادر موحسن، گوندنشینێكە سه‌رقاڵی زه‌ویه‌كی بچووكی نیۆماڵه‌كه‌یه‌تی و له رووبه‌رێكی كه‌م پشكی خۆی كشتووكاڵ ده‌كات، ئه‌و خه‌ڵكی گوندێكی سه‌ر سنووره و خاوه‌ن رووبه‌ری چه‌ند دۆنمێكی كشتووكاڵیه، به‌ڵام ته‌نیا دیواری خانووه كۆنه‌كانیان ماونه‌ته‌وه.
زێتێ، له قه‌زای مێرگه‌سۆر دوا گوندی نێوان باشووری كوردستان و باكووره و گوندی جادره، به‌ڵام به‌هۆی بنكه و جووڵه‌كانی په‌كه‌كه ژیانی تێدا وه‌ستاوه و دانیشتوانه‌كه‌ی جێیانهێشتووه.
دیمه‌نه‌كانی سێ ساڵ به‌ر له ئێستان، بوونی په‌كه‌كه بیانووی داوه‌ته توركیا و له‌و سنووره چه‌ندین كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته نێو خاكی باشووری كوردستان. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه زیانی گیانی و ماڵی له دانیشتوانی ناوچه‌كه داوه و ته‌واو سنوورداری كردوون. مه‌ترسی له‌سه‌ر چه‌ند گوندێگی دیكه‌ی قه‌زاكه‌ش هه‌یه و ئه‌گه‌ری چۆڵبوونیان كه‌وتووەته سه‌ر.
قه‌زای مێرگه‌سۆر دووری (130)كم ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێری پایته‌خت و هاوسنووره له‌گه‌ڵ باكووری كوردستان و توركیا، ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به خاكی به‌پیت و له‌وه‌ڕگا و به‌رهه‌می خۆڕسك، كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دانیشتوانی سنووره‌كه بووه، به‌ڵام بوونی په‌كه‌كه و هاتنی سوپای توركیا بۆ نێو خاكی هه‌ریمی كوردستان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانیان، له‌پاڵ زیانی زۆری گیانی له‌ڕیزی خه‌ڵكی سیڤیلی ناوچه‌كه، زیانی زۆری ئابووری و ژینگه‌یشی به‌ده‌ڤه‌ره‌كه گه‌یاندووه.