پۆلیسێکی بەلجیکی بەهۆی کوشتنی منداڵێکی دوو ساڵەی کورد دادگایی دەکرێت

منداڵەکە خەڵکی رانیەیە و لە باوەشی دایک و باوکی کوژرا

K24 - هەولێر

لە شاری مۆنسی بەلجیکا دادگاییکردنی ئەو پۆلیسە دەستیپێکرد، کە لە ساڵی 2018 بە گوللـەیەک منداڵێکی تەمەن دوو ساڵی خەڵکی شاری رانیەی کوشت.

چالاکوانان دوێنێ لەکاتی دادگاییکردنەکە، جلوبەرگی منداڵەکەیان لە دەرەوەی دادگاکە هەڵواسیبوو، گللـەیشیان لە یاسا "نامرۆییەکانی" تایبەت بە کۆچبەران دەکرد، کە بوونە هۆی کوشتنی ئەو منداڵە ساوایە کوردە.

لە ناوەوەی دادگاکەش، پۆلیسەکە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی مەوادە شەمدین، دادگایی دەکرا. مەوادە، یەکێک بوو لەو نزیکەی 30 کۆچبەرە کوردەی لەنێو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دەیانویست بە قاچاغ لە فەرەنساوە بگەنە بەریتانیا.

بەهۆی بوونی چەند کێشەیەک لە وەرگێڕان، دادگاییکردنەکەی دوێنێ دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی، دواخرا. لە دەرەوەی دادگاکەش چالاکوانان کە پاڵپشتییان لە دایک و باوکی مەوادە دەکرد، هەر هاواریان دەکرد "دادپەروەریی بۆ مەوادە".

ئەو پۆلیسە، تەمەنی 48 ساڵە، هێشتا ناوی لەلایەن دادگاوە ئاشکرا نەکراوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە، ویستوویەتی گوللـە لە تایەی بارهەڵگرەکە بدات، تاوەکو خێرایی کەمبکاتەوە، بەڵام نەیزانیوە هیچ کۆچبەرێک لەنێویدا هەن.

پۆلیسە بەلجیکییەکە بە "کوشتنی نائەنقەست" تۆمەتبارە، بەڵام پارێزەرانی دایک و باوکی مەوادە داوا دەکەن تۆمەتەکەی بکرێت بە "کوشتنی بەئەنقەست".

تراژیدیاکەی بەسەر ئەو کچە کوردەدا هات، بووەتە سیمبوولێک بۆ ئەو زەحمەتییانەی لە بەلجیکا رووبەڕووی کۆچبەران دەبنەوە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و کێشەوە وڵاتی خۆیان بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا جێدەهێڵن.

ئەو پۆلیسەی گوللـەکەی تەقاندووە، خۆشی باوکی دوو منداڵە، هەشت ساڵیش بوو پۆلیس بوو کاتێک رووداوەکە روویدا.

دوێنێ لە دادگاکە لە تەنیشت شۆفێری بارهەڵگرەکە و دوو کەسی دیکە کە ئەوانیش کوردن و دەگوترێت قاچاغچی بوون، دادگایی دەکرا.

پۆلیسەکە، رەتی ناکاتەوە گوللـەی تەقاندبێت، ئەو گوللـەیەی مەوادەی لە باوەشی دایک و باوکیدا کوشت، بەڵام دەڵێ نەیزانیوە ئۆتۆمبێلەکە هیچ کەسێکی تێدا بووە.


سەرچاوە: AFP