وادەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن راگەیەندرا

K24 – ھەولێر
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، 10/1/2021 پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە.
دوای كۆبوونەوەی نێوان ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و د. عەبدولرەزاق فەتاح، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا عەبدولسلام دۆڵەمەری، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لەبارەی پەروەردە و خوێندن كردووە و گوتی: "لەبارەی چارەنووسی پرۆسەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لە 10/1/2021 پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان دەست پێبكەنەوە".
گوتیشی: "ھەردوولامان ھاوڕابووین كە مەھنەج لە خوێندنی ئەمساڵ تەواو بكرێت، و لەبارەی تاقیكردنەوەكانی تەمھیدی پۆلی 12ی ئامادەیی، كە ساڵانی رابردوو قوتابیان لە گوند و ناحییە و قەزاكان دەبوایە بێن لە سەنتەری شارەكان تاقیكردنەوە بكەن، بۆ ئەمساڵ بڕیاردرا ھەر قوتابییەك لە قەزاكانی خۆیان ئەو تاقیكردنەوەیە بكەن".
لەبارەی كرێی خوێندن، گوتی: "لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاردرا كرێی خوێندن لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگە تایبەتەكان كەمبكرێتەوە، ھاوكات لە ھەموو قوتابخانەكان كورسی بە خۆڕایی بۆ كچ و كوڕی شەھیدان دابین دەكرێت".
عەبدولسەلام دۆڵەمەری، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوەكراوەتەوە كە دەبێ زانكۆ و پەیمانگاكان پابەندی ئەو بڕیارەبن كە ساڵی پار بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن دیار كراوە و بەدواداچوونیش بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت، ھەر پەیامانگە و زانكۆیەك پارەی زیاتری لە قوتابیان وەرگرتبێت دەبێ پارەكە بۆ قوتابیان بگەڕێندرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش ھەمان كرێ بۆ خوێندن وەردەگیرێت".
روونیكردەوە: "بۆ ھەر ساڵێك 2500 كورسی بە خۆڕایی دەدرێت بە كوڕ و كچی شەھید و ئەنفالكراوان، سەبارەت بە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمی داوا لە دامەزراوەكانە كە پێویستیان بە دامەزراندنە ئەو قوتابیانە وەربگرن".
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوو دیراسەی ئەوەمان كردووە ئەگەر دۆخی تەندروستی لەباربێت، چۆن پڕۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان دەست پێبكەینەوە و بەرنامەیەكی گشتگیرمان ھەبێت، دوای كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و ھەڵسەنگاندنی تەندروستی بڕیاردەدەین كە چۆن و بە شێوازێك بۆ قۆناغەكان پرۆسەی خوێندن دەست پێبكەینەوە، ئەگەر راپۆرتی تەندروستیش ئەوكات بە جۆرێكی دیكە بێت و رێگەمان پێنەدات، ئەوا پلانی دیكەمان دەخەینەڕوو".
وەزیری پەروەردە باسی لەوەشكرد: "بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی خەڵك بڕیارمان لە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەكان داوە بە كۆمەڵێك رێكارەوە، ئەم بڕیارەش ئاراستەی ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە دەكرێت".
سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژ، وەزیری پەروەردە، گوتی: "لە مانگی ئایاری رابردوودا بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاردرا كە شایستە داراییەكانی ئەو ماناگانەیان بۆ خەرج بكرێت كە بەھۆی كۆرۆناوە دەوام نەكراوە، تائێستا مانگی 3 و 4ـیان بۆ خەرجكراوە، ئێستا لە ھەوڵداین بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی مانگی 5 بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بكرێت".
د. عەبدولرەزاق فەتاح، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا ئاماژەی بەوەدا: "یەكێك لەو تەوەرانەی لە كۆبوونەوەكەدا باسمان كرد وەرگرتنی ژمارەی قوتابیانە لە زانكۆ و پەیمانگاكان، كە تارادەیەك كێشەی تەكنیكی بۆ دروستكردوین".