تەکنیکی مانەوە لە بەغداد !

Kurd24

لەناو مۆدێرنێتەی دیموکراتییکدا، تەکنیکی مانەوە چەمکێکی گرنگە، ئاراستەکردنی ململانێش گرنگترینە، ئایا بۆ ساڵی نوێ و لەبەردەم گرێبەستە تازەکان و کۆنتراکتەکان، حکومەتی هەرێم وەک دەسەڵاتێکی یاسایی و فیدراڵی چۆن فۆڕمەڵەو تیۆریزەی ڕوانگەو دیدی کوردانەی خۆی دەکات لە عێراقی نوێدا، کە دەڵێین ڕوانگەو تیۆریزە واتە ئەو ستراتیژەی کە سەد ساڵە کورد لەدوای سایکس بیکۆوە کاری لەسەر دەکات بەشێوەی سیاسی و کولتووریی و سەربازی و رێکخراوەیی.

گەرچی، هەن بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنەوە،  پێیان وایە ئەوە گوتاریی ناسیۆنالیزمی کلاسیک و ڕەشۆکە، بەڵام ئەوە دیدێکە خۆی هەڵگریی ئیشکالی گەورەیە لە بیرکردنەوەو دیاریکردنی ئاراستە فیکرییەکانی نەتەوە، ئەو دیدەی کە پێی وایە هەر کردەیەک بۆ تیۆریزەی بیری نەتەوەیی و ئاڵاو دەوڵەت و ئاراستە فیکریەکانی ئەو گوتارە، ناسیۆنالیزمی کوردیی ڕەشۆک و حیزبی و ئایدۆلۆژیی کۆن و بەسەر چووەو هەژماری دەکات لەسەر حیزبی دەسەڵاتدار، بێگومان دیدێکی ناسروشتییەو بەرمەبنای بەرژەوەندیەکی کاتی و تەسک و ئەنتی نەتەوە ڕەفتار دەکات.

دەبێ کورد بە فەرمی و پرۆتۆکۆل، وێڕای ڕێککەوتنەکان لەسەر بودجەو نەوت و موچە، پرۆژەی بەردەوامی هەبێت بۆ مانەوەو بەرگریی شوناس و شەڕی یاسایی و دەستوریی لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی، ئەم ناسیۆنالیزمە دەبێت ئەبدەیت بکرێتەوەو بکرێت بە جەوهەری ئیشکردن و کاری پێبکرێت و نابێت تێکەڵ بکرێت بە هیچ ململانێیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژیی. بەتایبەتی لەناو پایتەخت ئەم ستراتیژە بۆ ئێستای کورد گرنگە، نەک تێرمی ناواقیعی کشانەوە و سەنگەر چۆڵکردن وەک هەندێک پۆپۆلیست و گروپگەلی هاوتەڕەفی حەشدو بازنەی شیعەی زاڵ تەرحی دەکەن بۆ هەندێک پەرلەمانتار بەبیانووی شکستی دانوستاندنەکانی هەرێم- بەغداد، بۆ ئەوەی کورد بێبەش بکەن لەو کەین و بەینەی داهاتوو.

بیرکردنەوەی هەدەپەیی تا ڕادەیەک گرنگە بۆ ئەمێستا، هەدەپە لە ئەنکەرە و ئیستەنبووڵ وێڕای کوشتن و ئازاردان و سیاسەتی قەییوم و زیندانیکردن و ئەو پەراوێزە تەسکەی ئازادی بۆیان و گرتنی سەرۆک و دەیان پەرلەمانتاریان، توانیان لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو کارە مەحاڵە بکەن و سوود لە وزەو دەنگی ئەو چەندین ملیۆن کوردەی ئیستەنبووڵ وەربگرن و تەنانەت هاوپەیمانێتی و کوالیسیۆنیش پێک بهێنن لەگەڵ نەیارەکانیان، پەڕلەمانتارانی ئەوان جەنگاوەری مەدەنیین، بەشێکی ئەوانەی ئێمەش بیزنسکار و خاوەنکارو دژە نەتەوە، ئەوەی هەدەپە بریتییە لە بەکارهێنانی لۆژیک و هێڵی سێیەم و سۆفت پاوەر. تەنانەت سوودوەرگرتن لە سیاسەت و ستراتیژی پارتی گەلی کۆماری CHP وەک دوژمنی لەمێژینەی گەلی کورد، ئەو نەریتەی ئێمەش جگە لە خۆبەدەستەوەدان هیچیتر نییە.

بینیمان هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەو بچووکییەوە، سەلماندیان چەندە گەورەن و کارێکی گەورەشیان کرد و توانییان خۆیان ململانێ ئاراستە بکەن، نەک ململانێ ئاراستەیان بکات، شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و مێرسین و ئامەدیان لە چنگی پارتی دەسەڵاتدار  AKP وەرگرتەوە، تەنیا بە سیاسەتێکی ئاسان و دیپلۆمات و هاوسەنگی عەقڵانی، ئێمەش بەو گەورەییەی خۆمان و تراژیدیاکانی سڕینەوەو قوربانیدان و شووناسی ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجەو دۆسیەی جینۆسایدو دەیان پەرلەمانتارو وەزیرو سەرۆک کۆمارەوە لەو بەغدایە، چەندە بچووک دەردەکەوین، ئەو گروپە پەرلەمانتارەش بۆ موزایەداتی سیاسی و کڕینی کەرەستەی تەبليغاتی بۆ ئایندەی سیاسی خۆیان، خەریکن مارکێتینگ بۆ خۆبەدەستەوەدانێکی هەرزان و بێمانا دەکەن.

تۆ کە توانستی ململانێت نەماوە لە بەغداد ئەرکت تەواو بوەو سیستمی بازنەیی هەڵبژاردن وەک کابوسێک بەسەرتەوە هێندەیتر بچوکی کردویتەوە ناکرێت خۆت بخەیتە پەنای لیستە گەورەکانی دوژمن بە کوردو دۆزەکەی بەبیانووی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی فەرمانبەران و موازەنەو بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێم، ناکرێت خەریکی بێ ئیرادەکردن و شکسپێهێنانی ئەویتربیت بەناوی ناسیۆنالیزمی ڕەشۆکەوە، گرنگە ئاگاداربیت هێزی مانەوەی کورد لە ئێستادا و مانەوەی ستاتۆی هەرێم کە دەستکاری نەکرێت و ڕێگریی لێ بکەین، پەیوەستە بە تەکنیکی ئیشکردنی گوتاریی یەکگرتووی کوردەوە لە بەغداد.