مام تره‌مپ بۆ وای کرد؟

Kurd24

لە دوای  شەڕی ساڵی 1812، ئەو کاتەی هێزەکانی بەریتانیا ئاگریان لە هۆڵەکانی کابیتۆل بەردا، هەر لەوکاتەوە هیچ هێزێک یان گرووپێکی توندڕەو نەیتوانیوە پێبنێنە ناو ئەو هۆڵە.

بەڵام چوونە ناوەوەی ئەمجارە بۆ ناو باڵەخانەی کۆنگرێسی ویلایه‌تە یه‌كگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و شێواندنی هۆڵەکە، جیهانی تووشی  شۆک کرد. ئەوکردەوەیەی دۆناڵد ترەمپ هەڵەیەکی سیاسی زۆر ترسناک بوو، بەوەی هانی خۆپێشاندەرانی دا بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەوەش پاشەڕۆژی خودی خۆی و پارتەکەی خستە کێشە و مەترسییەکی زۆرەوە.

هەر راگەیاندنەکانی تره‌مپ بوون هانی گرووپە راستڕەوە توندڕەوەکانیاندا هێرش بکەنە سەر کۆنگرێس و پاڵپشتی لە مانەوەی بە زۆری ترەمپ بکەن لە دەسەڵات. جێگەی ئاماژەیە دیمەنەکانی ئەو هێرشە ئەو کەشوهەوایەی  وەبیر هاونیشتمانیانی ئەمەریکا هێنایەوە کە لە مانگی ئابی ساڵی 1974 روویدا، ئەو کاتەی (ریچارد نیکسۆن)ی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا دوای ئاشکرابوونی ئابڕووچوونەکەی (وۆته‌رگه‌یت)، ناچاربوو دەست لەکاربکێشێتەوە، کە بەهۆی ئەوەوە تەنها دوو رێگەی لەبەردەمدا ماوەوە کە هەردووکیان یەک لە یەک ئەستەمتربوو. ئەو تاوانانەی کە ئەو کات ئاراستەی نیکسۆن کران (بەربەست خستنە سەر یەکسانی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادگا لە کاتی دادگاییکردنەکانی). هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە تره‌مپیش بە هەمان شێوە بدرێتە دادگا بە تۆمەتی هاندانی لایەنگرانی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی وڵاتەکەی، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی چوار هاووڵاتی و برینداربوونی چەند کەسێکی تر لە دیمەنێک کە هەمووانی تووشی شۆک کرد.

ئەو سیاسەتەی کە تره‌مپ لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی دەسەڵاتیدا پەیڕەوی کرد، وایکرد بە تەنها بمێنێتەوە، تەنانەت کەسە نزیکەکانیشی یەک لە دوای یەک لێی دوور دەکەونەوە.  هەر لە دوای هێرشەکە بۆ سەر کاپیتۆڵ بە دەیان ئەندام لە کۆمارییەکان پاشەکشێان کرد و چوونە نێو دیموکراتەکان، تەنها شەش ئەندام لەلای ترامپ مانەوە. دیارترینیشیان دەست لەکارکێشانەوەکەی  چوار گەورە راوێژکاری ترامپ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی (ئێرین والش، مارک فاندروف، ئەنتۆنی رۆجێرۆ و رۆب گرینوای)، ئەمە جگە لە چەندین  گەورە بەرپرسانی تر لە ئیداره‌كه‌ی ترامپ، لە سەرووی هەمووشیانەوە (ئیلین چاو)ی وەزیری گواستنەوە و (پیتسی دیفوس)ی وەزیری پەروەردە.