پوتن: بەر لە ڕێککەوتن هەر هێزێکی بیانی بچێتە ئۆکرانیا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەکەینە سەر

سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوەی پێشتر هۆشداری دابوو ئەگەر لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پرسی ئۆکرانیا چارەسەر نەکرێت بە هێز چارەسەری دەکات، جارێکی دیکە هۆشداری دا ئەورووپا و ڕایگەیاند، بەر لە ڕاگەیاندنی ئاشتی لە ئۆکرانیا هەر هێزێکی بیانی لەوێ ببینێت، ئەوا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەکاتە سەر.
هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا لە کۆڕبەندی ئابووری وڵاتەکەی گوتی: ئەگەر هەر هێزێکی بیانی لە ئۆکرانیا لە کاتی بەردەوامی جەنگەکەمان ببینرێت، ئەوا ئێمە بە ڕەوا و یاسایی دەبینین هێرشییان بکەینە سەر.
باسی لەوەش کرد، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئۆکرانیا بکرێت، دەبێت درێژخایەن بێت و کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بۆ ئەمەش هیچ بە پێویستی نازانم هیچ هێزێک ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت. ئەمەش بە هیچ شێوەیەک مشتومڕ هەڵناگرێت.
ڤۆلۆدیمێر زێلێسنکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەو بارەوە گوتی: لە لووتکەی سەرکردەکانی ئەورووپا لە پاریس باسمان لە گەرەنتی ئەمنی وڵاتەکەمان کرد؛ بە دڵنیایەوە سەدان سەرباز دێنە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەمنی دابین بکەن.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ئاماژەی دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکێکی "زۆر بنیاتنەرترە" و کەسێکە کە بازرگانی بە باشتر دەزانێت لە جەنگ، بەڵام سەرکردەکانی ئەورووپا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دروست بکەن.
باسی لەوەش کرد، ڕووسیا دەیەوێت ململانێی ئۆکرانیا بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت نەک شەڕ و ئەگەر ترەمپ بتوانێت هاوکاری بکات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکرێت، مۆسکۆ بەرژەوەندییەکانیان وەک هاوتەریب دەبینێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 4ی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسک، لە پاریس، گوتی: 26 وڵاتی جیهان بەڵێنیان داوە لە ڕێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی بەشدار بن لە دەستبەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا.
ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دەداتە ڕووسیا و دەڵێت: ئەگەر مۆسکۆ ئاشتی لەگەڵ کیێڤ ڕەت بکاتەوە، وڵاتە ئەورووپییەکان بە هەماهەنگیی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنن.
هەروەها پێشتر پوتن باسی لەوە کردبوو، بۆ چارەسەر نەبوونی پرسی ئۆکرانیا دەبێت ڕەخنە لە سیاسەتی ڕۆژئاوا بگیرێت، چونکە ئەوان هەمیشەی گەرەنتی ئەمنی ڕووسیایان فەرامۆش کردووە. ئاماژەشی دابوو، ئەگەر بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت، ئەوا کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت، چونکە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکات. هۆشداریشی دابوو، ئەگەر ئەو پرسە بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر نەکرێن، ئەوا بە ڕێگای سەربازی چارەسەر دەکرێت.
هەر لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکرا کردبوو و ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان بە هیچ شێوەیەک نانێرێتە ئۆکرانیا، بەڵام هاوکاری ئەورووپا دەکات ئەگەر یارمەتییان پێویست بوو. گوتیشی: ڕەنگە لە هێزی ئاسمانییەوە هاوکار بن.